ئێران سێ وڵات بەرێکخەری خۆپیشاندانەکانی عێراق تۆمەتبار دەکات

- 10/5/2019 3:06:00 PM 27697 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-      

ئەندامێکی دەستەی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی شارەزایانی ئێران رایگەیاند، وڵاتانی ئەمریکا، بریتانیا و سعودیە راهێنان بە خۆپیشاندانەکان دەکەن.
دوژمنەکانی ئێران و عێراق بەردەوامن لە پلانگێڕیەکانیان، زیاتر لە ساڵێکە هەرسێ وڵاتی ئەمریکا، بریتانیا و سعودیە لە پلاندان بۆ ئەنجامدانی ئەم خۆپیشاندانانە

 

دەزگاکانی راگەیاندنی ئێران لە زاری ئایەتوڵا عەباس کەعبی، ئەندامی دەستەی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی شارەزایانی ئێران بڵاویانکردەوە، "دوژمنەکانی ئێران و عێراق بەردەوامن لە پلانگێڕیەکانیان، زیاتر لە ساڵێکە هەرسێ وڵاتی ئەمریکا، بریتانیا و سعودیە لە پلاندان بۆ ئەنجامدانی ئەم خۆپیشاندانانە لەعێراقدا، بە دروستکردنی کێشەی ئابوری و گەندەڵی لەناو حکومەتدا، بۆ ئەوەی عێراق ببێت بە چەکێک بەدەست ئەمریکا و سعودیەوە، تەنانەت حکومەتێکی خەیاڵیشیان لەلایەن خۆیانەوە دروستکردوە".
هەندێک لە ئەفسەرانی دەزگای هەواڵگیری هەرسێ وڵات لە عێراقدا بڵاوبونەتەوە، بە ئامانجی رێکخستنی و ئاژاوەنانەوە و خۆپیشاندان لەو وڵاتەدا

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک لە ئەفسەرانی دەزگای هەواڵگیری هەرسێ وڵات لە عێراقدا بڵاوبونەتەوە، بە ئامانجی رێکخستنی و ئاژاوەنانەوە و خۆپیشاندان لەو وڵاتەدا.

ماوەی پێنج رۆژە خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە شارەکانی باشوری عێراق بەڕێوەدەچێت و تا ئێستاش بە گوللەی هێزە ئەمنییەکان 100 کەس کوژراون و زیاتر لە چوار هەزار کەسی دیکەش برینداربون.
هیواخوازم حکومەتی بەغدا و هێزەکانی ئاسایش بتوانن بنکە شاراوەکانی خۆپیشاندانەکان بدۆزنەوە

 

کەعبی وتیشی، "هیواخوازم حکومەتی بەغدا و هێزەکانی ئاسایش بتوانن بنکە شاراوەکانی خۆپیشاندانەکان بدۆزنەوە، بتوانێت بەڵگەکانی هاندانی گەل لەلایەن ئەو سێ وڵاتەوە بدۆزێتەوە و بیخاتەڕو، کە هۆکاری خۆپیشاندانەکان باشترکردنی باری ئابوری ئەو وڵاتە نییە، بەڵکو هۆکارێکە بۆ دروستکردنی ئاژاوە لەو وڵاتدا".

بەبڕوای کەعبی، سەرچاوەی ئاژاوە لە عێراقدا، بنکەکانی رێکخستن و تۆڕەکانی هەواڵگیری ئەمریکا، بریتانیا و سعودیە هەندێک لەشانە نوستوەکانی بەعسیش بەشدارن تیایدا، بۆ خراپکردنی رەوشەکە و بڵاوکردنەوەی بێئومێدی لەناو خەڵکی عێراقدا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP