بەزۆر دوگیان کراون، تا دواتر منداڵەکانیان بفرۆشن
بەڤیدۆ..نایجیریا؛ 19 ژن لە "کارگەیەکی منداڵبون" رزگارکران

- 10/4/2019 5:16:00 PM 27184 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

19 ژن لە شاری لاگۆس لە نایجیریا لەژێر دەستی قاچاخچیەکانیان لە کارگەیەکی بەناو" منداڵبون" رزگار کران، کە تیایدا دەستدرێژیان کراوەتە سەر و بەزۆر دوگیانکراون  تا دواتر منداڵەکانیان بفرۆشن.
هێزە ئەمنیەکان و پۆلیس داویانە بەسەر کارگەکەدا

 

بەوتەی پۆلیسی لاگۆس، دوای دروستبونی گومان لەلایەن دانیشتوانی نزیک لە "کارگەکە"، بەهۆی بینینی ژمارەیەکی نائاسایی "ژنانی دوگیان" لە شەقامەکانی نزیک لەو شوێنە سکاڵایان لای پۆلیس تۆمار کردوە، هێزە ئەمنیەکان و پۆلیس داویانە بەسەر "کارگەکەدا".

ئاماژە بەوەشدراوە، لە "کارگەکەدا" 19 ژنی دوگیان کە تەمەنیان لە نێوان 15-28 ساڵان بوە لەگەڵ ژمارەیەک منداڵدا رزگارکراون.
منداڵی کوڕ لە بەرامبەر هەزار و 400 دۆلار و منداڵی کچ لە بەرامبەر 830 دۆلار فرۆشراوە

 

یەکێک لە قوربانیەکان بە پۆلیسی راگەیاندوە، ژنێک بەناوی "مادام ئولوچی"،  قوربانیەکانی وەک "کۆیلەی سێکسی" بەکارهێناوە و تا کاتی دوگیانبون لە "کارگەکەدا" هێشتونیەوە دواتر منداڵەکانی فرۆشتوە و بڕێک پارەی کەمی داوە بە قوربانیەکان، بە وتەی خۆیان منداڵی کوڕ لە بەرامبەر هەزار و 400 دۆلار و منداڵی کچ لە بەرامبەر 830 دۆلار فرۆشراوە.

"کارگەی منداڵبون"، لە سەرتاسەری نایجیریادا باوە و ساڵی رابردو، لە هەڵمەتێکی هاوشێوەدا 160  منداڵ رزگارکران.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP