"سوننە و شیعە و كورد نەوەی قادسییەن"
رەغەد سەددام حسێن سەبارەت بە خۆپیشاندانەكان پەیامێك بڵاودەكاتەوە

- 10/4/2019 2:32:00 PM 115317 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

كچی سەرۆكی پێشوتری عێراق و رژێمی بەعسی روخاو سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی عێراق پەیامێكی بڵاوكردوەتەوە و تێیدا خۆپیشاندەران بە "پاڵەوانە قارەمانەكان ناودەبات".

رەغەد سەددام حسێن، كچی سەرۆكی پێشوتری عێراق و رژێمی بەعسی روخاو سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەی عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی تویتێكی بڵاوكردوەتەوە و تێیدا بە خۆپیشاندەران دەڵێت "وەك چۆن پەیمانمان پێدابون لە ئێستادا ئێوە ئەفسانەی پاڵەوانیەتی دەهۆننەوە".

ئاماژەی بەوەشكردوە "هەریەك لە سوننە و شیعە و كورد، سەرجەمیان نەوەی قارەمانانی قادسیە-ن و خەڵكی عێراقن"، هیواشی خواستوە لەو ناوچانەی خۆپیشاندانەكان تێیدا سەریهەڵنەداوە لە داهاتویەكەی نزیكدا سەرهەڵبدات و سەرتاسەری عێراق بگرێتەوە".

رەغەد نوسیویەتی "تەواوی عێراق لەگەڵ ئێوەدایە ئەی پاڵەوانە قارەمانەكان، خودا لە شەهیدەكانمان خۆشبێت، ئێوە ئێستا وەك پەیمانمان پێدان ئەفسانەی پاڵەوانیەتی دەهۆننەوە، ئێوەی سوننە و شیعە و كورد خەڵكی عێراق و نەوەی پاڵەوانانی قادسیە-ن، لە سەرجەم كوچە و شارەكانی عێراق بە ئیزنی خودا".

 لە تویتێكی دیكەدا، رەغەد گرتەیەكی ڤیدیۆیی خۆپیشاندانەكانی بڵاوكردوەتەوە و هاوپێچ لەگەڵ ڤیدیۆكەدا نوسیویەتی "داوای لێبوردن دەكەین بۆ سەختی دیمەنەكە، بەڵام دەمانەوێت بە ڤیدیۆ پیشانی بدەین لە خۆپیشاندانەكانی عێراقدا چی رودەدت و چۆن مافەكانی مرۆڤ پێشێلدەكرێت و بە خراپ مامەڵە لەگەڵ خەڵكدا دەكرێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP