هەواڵی ئەمڕۆ

پەیڤین چیرۆكی فێربونی وێنەكاشان و سەركەوتنی دەگێڕێتەوە

- 10/3/2019 10:38:00 PM 2790 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-  نیگار عومەر 

پەیڤین دەڵێت، ئەگەر حەزت بۆ فێربونی هونەرێك هەبێت دەتوانی فێری ببیت و بێ ئەوەی هیچ کەسیش هاوکارت بێت.

پەیڤین دلێر، تەمەن 18ساڵ، دانیشتوی قەزای دەربەندیخان، بۆ خەندان باسی سەرەتای دەستپێکردنی کارەکەی كرد و وتی، " لەماڵەوە زۆرجار حەزم دەکرد وێنەی کاریکارکتێریی دروست بکەم، حەزم دەکرد فێری وێنەکێشان ببم، ئەوە بو لەماڵەوە دەستمکرد بە وێنەکێشان، وێنەی زۆرشتم دروست دەکرد، تا وای لێهات هەستم کرد بەتەواوەتی فێربوم، هیچ کەس هاوکارم نەبوە لە فێرکردنمدا، دوای دوساڵ بیرم لەوە کردەوە کارەکانم ببەمە دەرەوە، سەرەتا بەشداری چەند پێشانگەیەكم لە ناو دەربەندیخان و دەرەوەی دەربەندیخاندا کرد"

پێشەنگای تایبەت بە ئیشەکانم بکەمەوە ئیشەکانم پیشانی خەڵك بدەم چیتر لە ماڵەوە داینەنێم

پەیڤین، وتیشی، "زۆرجار لەلایەن خەڵکەوە دەبیسترێت وێنەکێشان شەڕکردنە لەگەڵ خودا! بەڵام من گوێم بەم قسانە نەدەدا ئەگەرچی خەڵکانێکی زۆر هەیە حەزیان لە پیشەکە هەیە و ئەم قسەیەی کۆمەڵگە بوەتە ڕێگر لێیان، من وێنەکانم کردە پیشانگایەکی تایبەت بەو ئیشانەی کە دروستی دەکەم و وەك هەوڵێك بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم قسەیە"

ئەوەشی ڕونکردەوە، لەوێنەکانمدا زیاتر ئەو وێنانە دەکێشم کە هەستی بینەر بجوڵێنێت و بیان هێنێتە قسە، لێکدانەوەی جیاوازی بۆ بکرێت، خەم و جوانییەکان پیشان بدەم کاتێك وێنەی خەمێك پیشان دەدەم دەمەوێت خەڵك تیبگات مرۆڤ لە چ دۆخێکی ناڕەحەتدایە لە زۆربەی لایەنەکانی ژیانەوە، چونکە ژیان زۆر ناڕەحەت بوە"

بێ ئەوەی هیچ کەس فێرم بکات خۆم فێری وێنەکیشان بوم، لە ئێستادا خولی فێربون بۆ کەسانی دیکه دەکەمەوە

ئەوەشی وت، " لەسەرەتای کارکردنمدا، زۆرجار کە ماندودەبوم دەمویست وازبهێنم؛ ماڵەوەمان هاوکاری باشی من بون، بۆیە گرنگە لەسەرەتای کارکردندا کۆڵنەدەی ڕێگرییەکان نەتوەستێنن"

پەیڤین وتیشی، " جگە لەوەی كارەكەم سودێکی ڕۆحی بە من بەخشیوە، لەهەمانكاتدا لەڕوی مادییەوە سودم لێ بینیوە، بەهۆی سەرقاڵی خوێندنەوە لە ئێستادا ناتوانم پەرەی زیاتر بە کارەکەم بدەم، بەڵام لە داهاتودا دەمەوێت ئامانجی گەورەتری تێدا بەدیبهێنم.

راشیگەیاند، لە ئێستادا خولی نیگارکێشان بۆ خەڵکانی دیکە دەکەمەوە هاوکاری هەرکەسێك دەبم کە حەزی بۆ کارەکە هەبێت، هیچ کارێك زەحمەت نییە ئەگەر هەوڵی بۆ بدەیت"

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP