خەندان-
لە ناوچەیەكی رۆژهەڵاتی هیندستان، روداوێكی هاتوچۆ لەنێوان شەمەندەفەرێك و فیلێكدا رویدا و گیانلەدەستدانی فیلەكە، بوە هۆی توڕەیی دانیشتوان.
لە دەرەنجامی روداوەكەدا فیلەكە گیانیلەدەستداوە
لە ویلایەتی بەنگال-ی رۆژهەڵاتی هیندستان، گرتە ڤیدیۆییەك بڵاوبوەتەوە تێێدا پێكدادان لەنێوان شەمەندەفەرێك و فیلێكدا رویداوە، بە پێی ئەو زانیاریانەی بڵاوكراوەتەوە لە دەرەنجامی روداوەكەدا فیلەكە گیانیلەدەستداوە.
روداوەكە لە رێگەی سەرەكی نێوان شارەكانی باناهارت-ناگراتا رویداوە، لەكاتێكدا فیلەكە هەوڵیداوە بەسەر هێلە ئاسنینەكانی شەمەندەفەرەكەدا بپەڕێتەوە، لەوكاتەدا شەمەندەفەركە گەشتوەتە سەر فیلەكە و بە زەبرێكی توند خۆی پێداكێشاوە.
هەوڵدەدات بەو ئازارەوە بەردەوامبێت لە رێكردن
لە تۆمارە ڤیدیۆییەكەدا دەردەكەوێت، دەستبەجێ پاش روداوەكە فیلەكە بە سەختی برینداربوە و خوێن بە جەستە و قاچەكانیەوە دەبینرێت، كە هەوڵدەدات بەو ئازارەوە بەردەوامبێت لە رێكردن، بەڵام راپۆرتە هەواڵیەكانی هیندستان بڵاویانكردەوە، چەند خولەكێك دواتر فیلەكە گیانیلەدەستداوە.
بەوهۆیەوە، دانیشوانی ناوچەكە نارەزایی نیگەرانی خۆیان دەربڕی و داوایانكرد سەبارەت بەو روداوە هاتوچۆیانەی ئاژەڵان تێیاندا دەبنە قوربانی، سنورێك دابنرێت.