خەندان-
كچێكی تەمەن 14 ساڵ، لەكاتێكدا لەسەر پێخەفەكەی خەوی لێكەوتوە، مۆبایلەكەی لەسەر سەرینەكەی تەقیوەتەوە و بەوهۆیەوە گیانیلدەستداوە.
مۆبایلەكەی لە تەنیشت پێخەفەكەیەوە بارگاوی (شەحن) كردوە
ئاوڵا ئازێتكیزی، كچێكی دانیشتوی كازاخستانە كە پاش ئەوەی چوەتە ناو پێخەفەكەی مۆبایلەكەی لە تەنیشت پێخەفەكەیەوە بارگاوی (شەحن) كردوە و لە هەمانكاتدا گوێی لە میوزیك گرتوە، بەڵام رۆژی دواتر لەناو پێخەفەكەیدا گیانیلەدەستداوە.
زەبرێكی توندی گەیاندوە بە مێشك و سەری
شەو لەكاتی خەوتنیدا، باتری مۆبایلەكەی ئاوڵا تەقیوەتەوە و بەهۆی ئەوەی لەسەر سەرینەكەی بوە زەبرێكی توندی گەیاندوە بە مێشك و سەری، سەرەڕای ئەوەی تیمەكانی فریاگوزاری سەرەتایی لەكاتی گەیشتنیان بە شوێنی روداوەكە هەوڵێكی زۆریانداوە بۆ رزگاركردنی، بەڵام ئاوڵا لە كۆتاییدا گیانیلەدەستداوە.
بە وتەی شارەزایان و راپۆرتەكان سەبارەت بەو بابەتە، مۆبایلە زیرەكەكە لە كاتژمێرەكانی سەرەتای بەیانیدا بەهۆی زۆر گەرمبونیەوە تەقیوەتەوە و ئەوەش هۆكاری گیانلەدەستدانی ئەو كچە 14 ساڵە بوە، تا ئێستاش جۆر و ماركەی مۆبایلەكە ئاشكرانەكراوە.
ئاوڵا یەكەمین كەس نیە كە بەهۆی مۆبایلەكەیەوە گیانلەدەستبدات، پێشتریش لیلیا نۆڤیكۆڤا، كە بە "جوانترین یاریزانی پۆكەر"ی روسی ناسرابو، هاوكات لەگەڵ ئەوەی پاش خۆشوشتن وشككەرەوەی پرچ-ی بەكارهێناوە مۆبایلەكەی بەكارهێناوە، بەوهۆیەوە كارەبا لێیدا و گیانیلەدەستدا.