ڤیدیۆ..ژنێك دەرگای باری لەناكاو-ی فڕۆكەیەك دەكاتەوە و دەبێتە هۆی دواخستنی گەشتی فڕۆكەكە

- 9/30/2019 10:36:00 PM 19296 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە  فڕۆكەیەكی چین-یدا، ژنێك بە مەبەستی وەرگرتنی هەوای پاك دەرگای باری لەناكاوی فڕۆكەكەی كردوەتەوە و بەوهۆیەوە گەشتی فڕۆكەكە بۆ ماوەی كاتژمێرێك دواكەوتوە.

ئەو دەرگایەی كردوەتەوە، كە بۆ خۆفڕێدانە خوارەوەی باری نائاسایی دروستكراوە

هەمیشە لەكاتی نیشتنەوەی فڕۆكەكاندا، بەهۆی هەوای ناو فڕۆكەكەوە سەرنشینان هەست بە بێزاری دەكەن، هۆكارەكەش دەگەڕێتەوە بۆ كەمی ئەو بڕە ئۆكسیجین-ەی لەناو هەوای فڕۆكەكەدا هەیە، بەوهۆیەوە ژنێكی چینی لە فڕۆكەخانەیەكی نێودەوڵەتی ئەو وڵاتە ، ئەو دەرگایەی كردوەتەوە، كە بۆ خۆفڕێدانە خوارەوەی باری نائاسایی دروستكراوە.

بۆ ماوەی كاتژمێرێك ئەو گەشتە دواخرا

بە گوێرەی زانیاریەكان، لەكاتی كردنەوەی دەرگای فرۆكەكەدا، فڕۆكەكە هێشتا لەسەر زەوی بوە و هێشتا بەرەو ئاسمان بەرزنەبوەتەوە، بەوهۆیەوە بە مەبەستی دوبارە پشكنینەوەی فڕۆكەكە لە لایەن پۆلیسی فڕۆكەخانەوە، بۆ ماوەی كاتژمێرێك ئەو گەشتە دواخرا.

تیمی كارمەندانی ناو فڕۆكەكە لەوبارەیەوە رایانگەیاندوە، چەندین جار بۆ سەرنشینانی ناو فڕۆكەكە دوپاتیانكردوەتەوە كە نابێت ئەو دەرگایە بە هیچ شێوەیەك بكرێتەوە، ئەنجامدەری كارەكەش وتویەتی "ناو فڕۆكەكە زۆر جەنجاڵ بوە و پێویستم بە هەوای پاك هەبوە".

پێشبینی دەكرێت رێگری لەو ژنە بكرێت گەشتی ئاسمانی ئەنجامبدات

پاش روداوەكە، پۆلیس لێكۆلینەوەی لەگەڵ ئەو ژنەدا ئەنجامداوە، زانیاریە هەواڵیەكانیش دەڵێن "پێشبینی دەكرێت بەهۆی ئەو كارەوە بۆ ماوەیەكی كاتی رێگری لەو ژنە بكرێت گەشتی ئاسمانی ئەنجامبدات".

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP