بەپەلە

ڤیدیۆ..باوكێك لە بەرزاییەكی مەترسیدارەوە لەگەڵ كچەكەی بازدەدات

- 9/30/2019 9:55:00 PM 7090 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەستێرەیەكی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان لە مالیزیا، بەهۆی بڵاوبونەوەی گرتە ڤیدیۆیەكەوە كە تێیدا لەگەڵ كچەكەیدا لە بەرزاییەكی مەترسیدارەوە بازدەدات، روبەڕوی رەخنەی توند بوەوە.

پێگەی رێنتاس ئادڤێنچەرز، گرتەیەكی ڤیدیۆیی رێدها رۆزلان-ی بڵاوكردوەتەوە، كە تێیدا لەگەڵ كچە بچوكەكەیدا لە پردێكی بەرزەوە بازدەداتە خوارەوە.

بازدەداتە ناو قوڵاییەكی مەترسیدار

لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا دەردەكەوێت، رۆزلان كە كچە بچوكەكەی لەباوەشگرتوە و پشتێنی سەلامەتی بەستوە، لە بەرزایی 59 مەتری پردێكەوە بازدەداتە ناو قوڵاییەكی مەترسیدار.

بەهۆی ئەو گرتە  ڤیدیۆییەوە، بەشێك لە چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤ و منداڵان و ژمارەیەك لە بەكارهێنەری تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان رەخنەیان لەو كارە گرت و بە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ منداڵان ناویانبرد.

ئەگەری ئەوەی هەیە لەو جۆرە چالاكیانەدا جەستەی منداڵەكە ئازاری پێبگات

یەكێك لە پارێزەرەكانی بواری مافەكانی مرۆڤ لەوبارەیەوە نوسیویەتی "دایك و باوكی مەككە میكایڵا، كە كچی رۆزلان-ە رۆڵی خۆیان وەك دایك و باوك پێشێلكردوە، چونكە ئەو وەرزشە زۆر مەترسیدارە و ئەگەری ئەوەی هەیە لەو جۆرە چالاكیانەدا جەستەی منداڵەكە ئازاری پێبگات".

خۆی ویستویەتی ئەو كارە ئەزمونبكات و ویستویەتی لەگەڵیدا بازهەڵبدات

لە وەڵامی ئەو رەخنانەی روبەڕوی كراونەتەوە، رێدها رۆزلان-ی تەمەن 30 ساڵان رایگەیاندوە "مەككە میكایڵا-ی كچی خودی خۆی ویستویەتی ئەو كارە ئەزمونبكات و ویستویەتی لەگەڵیدا بازهەڵبدات، بۆیە هیچ فشارێكی لەسەرنەبوە".

ئاماژەی بەوەشكردوە "كچەكەی یەكەمینجار بازهەڵدانی ئەزمونكردوە و لەوكاتەشدا پشتێن و هێلەكی سەلامەتی بەكارهێناوە، كاردانەوەی پاش ئەزمونكردنی بازهەڵدانەكەش ئەرێنی بوە".

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP