بڕیاری لابردنی بەرپرسی هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق هەرای لێدەکەوێتەوە

- 9/29/2019 3:14:00 PM 2604 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
بڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ لابردنی سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری عێراقی ناڕەزایەتی گەورەی سیاسی لێکەوتەوە و سەرۆکی دەزگاکەش هۆکاری گواستنەوەی نازانێت.

بەپێی هەواڵێکی ئەلعەرەبییە، تادێت خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لەدژی بڕیارەکەی عادل عەبدول مەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ لابردنی سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری عیراق زیاتردەبێت و بەهۆیەشەوە کۆتایی هەفتەی رابردو مقۆمقۆیەکی زۆر لەناوەندە سەربازی و سیاسییەکاندا دروستبو. 

رۆژی هەینی رابردو، عادل عەبدول مەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری دورخستنەوەی عەبدول وەهاب ئەلسەعدی لەپۆستی سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری عێراق راگەیاند و گوازرایەوە بۆ وەزارتی بەرگری عێراق.
ئاگاداری هۆکاری گواستنەوەکەی نیە و پێیباشترە خۆی خانەنشین بکات

لەوبارەیەوە ئەلسەعدی رایگەیاندوە، ئاگاداری هۆکاری گواستنەوەکەی نیە و پێیباشترە خۆی خانەنشین بکات، بەڵام نەچێت بۆ وەزارەتی بەرگری. 
سەرۆک وەزیران لەناکاو بەتەلەفۆن پێیوتوە کە گوازراوەتەوە بۆ وەزارەتی بەرگری
ئەو فەرماندە تەمەن 56 ساڵە وتیشی، سەرۆک وەزیران لەناکاو بەتەلەفۆن پێیوتوە کە گوازراوەتەوە بۆ وەزارەتی بەرگری و هیچ رونکردنەوەیەکی دیکەی لەوبارەیەوە نەداوە.

شوێنی من وەزارەتی بەرگری نیە و نامەوێت لەو پۆستەدا بمێنمەوە
راشیگەیاند، شوێنی من وەزارەتی بەرگری نیە و نامەوێت لەو پۆستەدا بمێنمەوە. 

جگەلە سەرۆکی دەزگای روبەروبونەوەی تیرۆر، هاوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەوڵی چەککردنی میلیشییا شیعەکانی داوە بۆ ئەوەی بیانخاتەوە چوارچێوى کۆنترۆڵکردنی سوپای وڵاتەکەی. 


نیشانەکردن :

#عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP