بافڵ تاڵەبانی بەراشكاوی وەڵامی رۆژنامەنوسان دەداتەوە

- 9/28/2019 11:19:00 PM 135433 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ لە دەباشان، بافڵ تاڵەبانی، كوڕە گەورەی رابەری كۆچكردو مامجەلال، دیدارێكی راشكاوانەی لەگەڵ نوێنەرانی بەشێك لە دەزگا راگەیاندنەكانی هەرێمی كوردستان كە نوێنەری دەزگای میدیایی خەندانیش تێدا ئامادەبو، ئەنجامدا.

رۆژنامەنوسان لەو دیدارەدا چەندین پرسیاریان ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی كرد، لەوەڵامی دۆخی یەكێتیدا، كوڕە گەورەی مامجەلال رایگەیاند، گەشبینم بە ئایندەی یەكێتی، یەكێتی نوێدەبێتەوە، باڵ باڵێن ئێستا لەنێو یەكێتی نەماوە، تەنها هەندێك بیروبۆچونی جیاواز ماوە، كە بەدرێژایی مێژو ئەو جیاوازییە هەبوە.

 سه‌رتان ده‌سوڕمێ كه‌ كێ و كێ داده‌نیشن و دیدار ئەنجامدەدەن

 

لەبارەی دیدارەكەی نێوان بەرهەم ساڵح، جێگری دوەمی سكرتێری گشتی یەكێتی و مەلا بەختیار ئەندامی مەكتەبی سیاسی، بافڵ تاڵەبانی وتی، دانیشتنێكی زۆر ئاسایی و هاوڕیانە بوە،  دوای ئه‌و دانیشتنه‌ له‌م رۆژانه‌دا بزانن كێی دیكه‌ كۆده‌بێته‌وه‌ و سه‌رتان ده‌سوڕمێ كه‌ كێ و كێ داده‌نیشن و دیدار ئەنجامدەدەن.

سەبارەت بە تەندروستی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، خێزانی رابەری كۆچكردو مامجەلال و دایكی بافڵ تاڵەبانی، رایگەیاند، تەندروستی زۆر باشە و سڵاو و رێزی هەیە بۆتان.

كۆنگرە لەكاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت، شتێك نابێت ناوی سكرتێر بێت، بەڵام كەسی ژمارە یەك دەبێت

 

سەبارەت بە بەستنی كۆنگرە و هەڵبژاردنی سكرتێر بۆ یەكێتی رایگەیاند، كۆنگرە لەكاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت، شتێك نابێت ناوی سكرتێر بێت، بەڵام كەسی ژمارە یەك دەبێت. دەبینە حزبێك كە زۆر بەبەهێزی خۆمان بۆ هەڵبژاردنی داهاتو ئامادە دەكەین.

ئێمە دەمانەوێت زیاتر نزیكبینەوە، براین و لەیەك ماڵدا دەژین

 

دەربارەی رێكەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی بۆ گۆڕینی پارێزگاری كەركوك، بافڵ تاڵەبانی وتی، 45 رۆژمان دیاریكردبو بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە لەلایەن پارتیەوە، بەڵام هەتا ئێستا ئەو پرسە لەلایەن پارتیەوە یەكلا نەكراوەتەوە و لەو روەوە قسەی خۆمان دەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد كە لەمرۆژانەدا سەردانی لایەنە سیاسییەكان دەكەین و لە بارەی گۆڕانەوە رایگەیاند، ئێمە دەمانەوێت زیاتر نزیكبینەوە، براین و لەیەك ماڵدا دەژین.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP