بافڵ تاڵەبانی: قبوڵی ناکەین بە ناوی ھیچ پاساوێکەوە کۆنگرە دوابخرێت

- 9/28/2019 8:18:00 PM 64302 جار خوێندراوەتەوە

خەندان - 

بافڵ تاڵەبانی، كوڕە گەورەی رابەری كۆچكردو مامجەلال رایگەیاند،"کۆنگرەیەکی سەرکەوتوی بێ پشکپشکێنەش دەبەستن و قبوڵیش ناکرێت بە ناوی ھیچ پاساوێکەوە کۆنگرە دوابخرێت".

ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی لە سلێمانی سەردانی کەمپی نوێی ھێزەکانی دژەتیرۆری کرد و ئامادەی نمایشێکی سەربازی بو، لە نزیکەوە بەدواداچونی کرد بۆ مەشقی سەربازییان و چۆنێتی خۆئامادەکردنیان بۆ بە جێگەیاندنی ھەر ئەرکێک کە لەخزمەتی ئارامی و سەقامگیری ھەرێمی کوردستان بێت.

له‌ راپەڕاندنی ئەرکی قورستان و ئۆپراسیۆنی مەترسیدار و رۆڵی جوامێرانەتان لە سەقامگیری ئاسایش و ئارامی شانازیتان پێوەدەکەین

 

لەپۆستێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، لەبەرامبەر ڕۆڵی دژەتیرۆر لە روبەڕوبونەوەی تیرۆریستان و قوربانیدانیان و خۆین بەخشینیان بۆ ئارامی کوردستان بافڵ تاڵەبانی ستایشی رۆڵ و ئەرک و بەرپرسیارێتیانی کرد و وتی،"له‌ راپەڕاندنی ئەرکی قورستان و ئۆپراسیۆنی مەترسیدار و رۆڵی جوامێرانەتان لە سەقامگیری ئاسایش و ئارامی شانازیتان پێوەدەکەین و ئەمڕۆش دەبینین ھێزەکەمان وەک ھێزێکی کاریگەرو رێکخراو بەدیسپلینی سەربازی بە توانایەکی گەورەی ھەواڵگری و سەربازی پتەوەوە ئامادەن روبەڕوی ھەر پیلانێک ببنەوە كه‌ بیەوێت ئارامی لە خەڵک تێکبدات".

بافل تاڵەبانی وتیشی،"ئێوە قەڵغانی ئارامی و ئاسایشی ھەرێمن لەگەڵ براکانتان لە ھێزی پێشمەرگەو دەزگای ئاسایشی ھەرێم و ھێزی ناوخۆ ئەفسانەی داعشتان تێکشکاند".

یەکێتیی نوێ دەکەنەوەو کۆنگرەیەکی سەرکەوتوی بێ پشک پشکێنە دەبەستن 

 

لەبارەی کاری رێکخراوەیی و یەکێتیی ناو یەکێتیی بافڵ تاڵەبانی راشکاوانە تەئکیدیکردەوە یەکێتیی نوێ دەکەنەوەو کۆنگرەیەکی سەرکەوتوی بێ پشک پشکێنە دەبەستن و قبوڵیش ناکرێت بە ناوی ھیچ پاساوێکەوە کۆنگرە دوابخرێت.

ئاماژە بەوەشكراوە كە قەڵغانی رێزلێنان و شکۆمەندی پێشکەش بە بافڵ تاڵەبانی کرا وەک یەکێک لە دامەزرێنەری دژەتیرۆر.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP