"ناوەڕۆكی بابەت گرنگترە لە ژمارەی لایك"
فەیسبوک ژمارەی لایك و ریاكشنی پۆستەكان دەشارێتەوە

- 9/27/2019 7:11:00 PM 1994 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە نوێترین گۆڕانكاریدا، کۆمپانیاى فەیسبوک، دەستدەكات بە شاردنەوەى لایکى پۆستەکان و لەمەودوا بەکارهێنەرانى ئەو تۆڕە كۆمەلایەتیە ناتوانن ژمارەى لایک و ریاكشنی پۆستی بەرامبەر ببینن.

ئەو گۆڕانكاریەی لە فەیسبوكدا ئەنجامدەدرێت، بەجۆرێکە تەنها خاوەن پۆستەکان دەتوانن ژمارەى لایکى پۆستەکانى خۆیان ببینن، بەڵام كەسانی بەرامبەر توانای بینینی ژمارەی ئەو لایك و ریاكشنانەیان نابێت.

یەكەمین هەنگاوی جێبەجێكردنی بڕیارەكە لە وڵاتى ئوستڕالیاوە دەستىپێكردوە و لەمڕۆ هەینیەوە ئەو گۆڕانكاریەی فەیسبوك لەو وڵاتەدا تاقیدەكرێتەوە.

سەبارەت بە هۆکارى چالاککردنى ئەو تایبەتمەندیە، كۆمپانیای فەیسبوك رایگەیاندوە، لابردن و شاردنەوەی ژمارەی لایك و ریاكشنی پۆستەكان بە مەبەستی نەهێشتن و کەمکردنەوەى فشار و ئیرەیی بەکارهێنەرانە كە بەرامبەر یەكدی دروستدەبێت.

بەهۆى ئەو تایبەتمەندیەوە بەکارهێنەران دەتوانن زیاتر گرنگى بە کواڵیتى ناوەڕۆکى بڵاوکراوەکانیان و بەپێزی بابەتەكانیان بدەن

هاوكات وتەبێژێکى كۆمپانیای فەیسبوک لەوبارەیەوە رایگەیاندوە "بەهۆى ئەو تایبەتمەندیەوە بەکارهێنەران دەتوانن زیاتر گرنگى بە کواڵیتى ناوەڕۆکى بڵاوکراوەکانیان و بەپێزی بابەتەكانیان بدەن لەجیاتى ژمارەى ئەو لایك و ریاكشنانەی لەسەر پۆستەكانیان دەردەكەوێت".

لە هەمانكاتدا، بڕیارە پاش تاقیكردنەوەی هەنگاوە نوێیەكەی فەیسبوك لە وڵاتى ئوستڕالیا، ئەو كۆمپانیایە لە چەند وڵاتێکى دیکە تایبەتمەندیەكە کارابکات و دواتر بیخاتە بوای جێبەجێكردنەوە.

ژمارەی لایك و ریاكشنەكان سەرچاوەیەكی گرنگی بازرگانیە بۆ ئەوان

شاردنەوەی ژمارەی لایك و ریاكشنەكان لە فەیسبوك، لەلایەن ژمارەیەك كەسایەتی ناسراوی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە بوە جێگەی رەخنە و رایانگەیاند "ژمارەی لایك و ریاكشنەكان سەرچاوەیەكی گرنگی بازرگانیە بۆ ئەوان و لە ئێستادا ئەو گۆڕانكاریە زیانیان پێدەگەیەنێت".

سەرەڕای ئەوەی بڕیارەكە لە ئێستادا لە تاقیكردنەوەدایە، تا ئێستا كۆمپانیای فەیسبوك بە تەواوی بڕیارینەداوە بە هێشتنەوەی بڕیارەكە وەكو خۆی و درێژەپێدانی، یاخود پاشكشەكردن و هێشتنەوەی ژمارەی لایك و ریاكشنەكان.

ئەو هەنگاوەی كۆمپانیای فەیسیوك دواى ئەوەدێت، ماوەیەکە ژمارەى لایکى پۆستەکانى تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام لە لایەن هەمان كۆمپانیاوە شاردراوەتوە و بەکارهێنەرانى ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتیە ناتوانن ژمارەى لایک-ی پۆستەكان ببینن.

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP