هەواڵی ئەمڕۆ

52 کتێبى دەنگى پێشکەشى نابینایان دەکرێت

- 9/26/2019 11:47:00 PM 1656 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

کتێبخانەى دەنگى هاوکارى لە پڕۆژەیەکدا 52 کتێبى دەنگى پێشکەشى خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان کرد.

خەیروڵا نیعمەت سەرپەرشتیارى پڕۆژەکە بەخەندان-ى راگەیاند،" پڕۆژەکە پێکهاتوە لە دابەش کردنى 52 کتێبى دەنگى کە لە سیدیەکدا کۆمان کردوەتەوە و پێشکەشى نابینایانمان کردون".

دەربارەى هۆکارى دەستپێکردنى پڕۆژەکە، خەیروڵا نیعمەت وتى،"نابینایان چینێکى دابڕاون لە کتێبى کاغەز و ناتوانن سودى لێببینن، نەبونى دەزگاى پێویست بۆ بەدەنگکردنى کتێبە چاپکراوەکان وایکردوە نابینایان بێبەش بن لە سود و چێژى کتێبەکان، بۆیە وەک کتێبخانەى دەنگى هاوکارى لەسۆنگەى بەرپرسیارێتیەوە بڕیارماندا بەوکارە هەڵبستین و ئەگەر کەمێکیشبێت سودێک بە نابینایان بگەیەنین".

وتیشى،" لە شارەکانى سلێمانى و هەولێر و قەزاى سەیدسادق مەڕاسیممان بۆ بڵاوکردنەوەى کتێبە دەنگیەکان ئەنجامداوە و لە مەراسیمەکاندا کتێبەکانمان پێشکەشى نابینایان و کەمبینایان کردوە".
بەشێک لە کتێبەکان پێشتر بەدەنگ کرابون و کۆمان کردونەتەوە و بەشێکى زۆریشیان لەلایەن هاوکارانى کتێبخانەى دەنگى هاوکاریەوە بە دەنگ کراون

 

دەربارەى چۆنیەتى بەدەنگکردنى کتێبەکان خەیروڵا نیعمەت وتى،"بەشێک لە کتێبەکان پێشتر بەدەنگ کرابون و کۆمان کردونەتەوە و بەشێکى زۆریشیان لەلایەن هاوکارانى کتێبخانەى دەنگى هاوکاریەوە بە دەنگ کراون".

ئاماژەى بەوەشکرد، نزیکەى 150 نابینا سودمەند بون لە پڕۆژەکە.

عومەرگوڵپى، بەڕێوەبەرى چاودێرى کۆمەڵایەتى سلێمانى کە لە مەراسیمى بڵاوکردنەوەى کتێبە دەنگیەکان لە سلێمانى ئامادەبو، دەربارەى پڕۆژەکە بە خەندانى وت،"بەشێوەیەکى گشتى هاندانى هاوڵاتیان بۆ خوێندنەوە کارێکى پیرۆزە، و گرنگى کارەکە زیاتر دەبێت کاتێک بابەتەکە پەیوەستە بە خاوەن پێداویستیەتایبەتەکان و لەنێوشیاندا نابینایان، بۆیە ئەنجامدەرانى پڕۆژەکە شایەنى ڕێزن و پاڵپشتى کارەکەیان دەکەین".

خەیروڵا نیعمەت دەربارەى هاوکاریکردنیان بۆ بە ئەنجامگەیاندنى پڕۆژەکە رایگەیاند،" لەلایەن خێرخوازێکەوە خەرجى هاتوچۆ و بەشێک لە پڕۆژەکەمان دابینکراوە و چەند گروپێکیش هاوکار بون لە بڵاوکردنەوەى کتێبەکان و بەڕێوەچونى مەڕاسیمەکان".

ئاماژەى بەوەشکرد پڕۆژەکەیان بەردەوام دەبێت و لەپڵانیشیاندایە پڕۆژەیەکى دیکەى لەوشێوەیە بۆ ئەوکەسانە رابگەیەنن کە خوێندەواریان نیە.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP