بەپەلە

"ئەو خەڵاتە بێ هیچ هۆكارێك بە ئۆباما دراوە"
ترەمپ: هۆكار زۆرە بۆ ئەوەی خەڵاتی نۆبڵ وەربگرم

- 9/25/2019 10:05:00 PM 7309 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دەڵێت "هۆكار زۆرە بۆ ئەوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی وەربگرم"، دەستبەجێ دوای ئەو وتانەش دوبارە هێرشی كردەوە سەر سەرۆكی پێشوی وڵاتەكەی.

ئەو خەڵاتە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە نابەخشرێتە كەسانی شایستە

لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا وتی "هۆكار زۆرە بۆ ئەوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی وەربگرم، بەڵام ئەو خەڵاتە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە نابەخشرێتە كەسانی شایستە".

لە وەڵامی رۆژنامەنوسێكدا، سەبارەت بە ئەگەری وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ ترەمپ رایگەیاند "پێموایە بە زۆر هۆكار خەڵاتی نۆبڵ بەدەستدەهێنم، ئەگەر بە شێوەیەكی دادپەروەرانە ئەو خەڵاتە ببەخشرێت، بەڵام دادپەروارانە نیە".

نەیدەزانی هۆكاری وەرگرتنی ئەو خەڵاتە چیە

ترەمپ دەستبەجێ داوی ئەو وتانەی وەك هەمیشە هێرشی كردەوە سەر باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشوی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و وتی "كاتێك ئۆباما بوە سەرۆكی ئەمریكا، دەستبەجێ  خەڵاتێكی نۆبڵ-یان پێبەخشی، كە نەیدەزانی هۆكاری وەرگرتنی ئەو خەڵاتە چیە".

دواتریش وتی "تاكە شت كە لەگەڵ ئۆباما هاوڕابوبێتم ئەوەبوە كە هۆكاری وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ-ی نەزانیوە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP