كەشناسی لەبارەی یەكسانبونی شەو و رۆژ و دەستپێكی وەرزەكانی پاییز و بەهار زانیاری دەدات

- 9/22/2019 9:32:00 PM 16214 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند،"سبەی یەكەم رۆژی وەرزی پاییزە لە نیوەگۆی باكوری زەوی و بەپێچەوانەشەوە لە نیوە گۆی باشوری زەوی یەكەمین رۆژی بەهارە".
ماوەی شەو و رۆژ لەنیوە گۆی باكوری زەوی بە تەواوی یەكسان دەبێت بۆ 12 كاتژمێر رۆژو 12 كاتژمێریش شەو

 

بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند،"سبەی، دوشەممە 2019/9/23 كاتژمێر 12:50خولەكی دوای نیوەڕۆ بەكاتی هەرێمی كوردستانی عێراق، ماوەی شەو و رۆژ لەنیوە گۆی باكوری زەوی بە تەواوی یەكسان دەبێت بۆ 12 كاتژمێر رۆژو 12 كاتژمێریش شەو، بەمەش لە روی فەلەكییەوە 23 ی ئەیلول دەبێتە یەكەم رۆژو دەستپێكی وەرزی (پاییز) لەنیوە گۆی باكوری زەوی كە بە (هاوسەنگ بونی پاییزی – Fall Equinox) ناسراوە".

سبەی دەبێتە یەكەم رۆژی (وەرزی بەهار) لەنیوەگۆی باشوری زەوی

 

ئەوەش خراوەتەرو،"سبەی دەبێتە یەكەم رۆژی (وەرزی بەهار) لەنیوەگۆی باشوری زەوی كە بە (هاوسەنگ بونی بەهاریی – Vernal Equinox) ناسراوەو تیایدا خۆر رێك لە رۆژهەڵات هەڵدێت و لە رۆژئاوادا ئاوادەبێت".

لەبارەی هۆكاری ئەو جیاوازییەوە، كەشناسی راشیگەیاندوە،"بۆ لاریی تەوەری خۆلانەوەی زەوی لەسەر خولگەكەی بە 23.4392811° پلە بەرامبەر بە خولگەكەی بە دەوری خۆردا، بۆیە تیشكی خۆر هەڵبەزین و دابەزین دەكات لەنێوان هەردو خولگەی (قڕژاڵ – Tropic of Cancer) لەنیوەگۆی باكورو (گیسكTropic of Capricorn - ) لەنیوەگۆی باشوردا، بەمەش گۆڕانكاریی رێك و پێكی دوبارەبوەوە لە ئاست و رێژەو ماوەی بەركەوتنی تیشكی خۆر لەسەر زەوی رودەدات، و هەر ئەمەشە دەبێتەهۆی سەرهەڵدانی گۆڕانكاریی بەرچاو لە پلەكانی گەرما لەسەر روی هەسارەكەماندا".

كەشناسی زانیاری زیاتری لەسەر ئەو روداوە گەردونیە داوە و دەڵێت،"لەو رۆژەدا ماوەی نێوان زەوی و خۆر دەگاتە 149598023 كیلۆمەتر كە بە (نێوەندی دوریی) دەناسرێت و بەردەوامیش لەخۆر نزیكتر دەكەوێتەوە، بۆیە لە یەكشەممە 2019.12.22 دا كە بە رۆژی (هەڵگەڕانەوەی زستانە – Winter Solstice) دەناسرێت لە نیوەگۆی باكوری زەوی و ئەوكاتە هەسارەكەمان دەگاتە نزیكترین خاڵ لەخۆر، ماوەی نێوانمان 147 ملیۆن و 95 هەزار كیلۆمەترە، كەچی لە هەمان رۆژدا (هەڵگەڕانەوەی هاوینە) یە بۆ نیوەگۆی باشوری زەوی!بێگومان هۆكاری ئەم دوو گۆڕانكارییە پێچەوانییەش لە هەمان رۆژدا، دەگەڕێتەوە بۆ لاریی تەوەری خولانەوەی زەوی بەرامبەر بە خولگەكەیدا".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP