تاقانە یەكێتییەكەی ناو ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی نیشتیمانی دەستی لەكاركێشایەوە

- 9/22/2019 9:00:00 PM 135517 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شۆخان رەزا، ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی نیشتیمانی دەستی لە حزبەكەی كێشایەوە و لە لێدوانێكیشدا رایگەیاند،"

ماوەی چەندین كۆبونەوەیە بەشداریم نەكردوە و بەشداری چالاكییەكانی هاوپەیمانیم نەكردوە، نیگەرانیەكی زۆر هەبو لەلایەن من هەندێك لە هاودیدانی تریشەوە، چەند جارێك سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتیمانیمان ئاگادار كردوەتەوە لە نارونی سیستمی بەڕێوەبردنی هاوپەیمانی، بەڵام نەگەیشتینە ئەوەی چارەسەر بێت".

تموحی من لەسەرو كاری سیاسیمە لە ناو هاوپەیمانی نیشتیمانی و ئومێدم پێی نەماوە

 

شۆخان رەزا راشیگەیاند،"تموحی من لەسەرو كاری سیاسیمە لە ناو هاوپەیمانی نیشتیمانی و ئومێدم پێی نەماوە".

بە داخەوە كە هاوپەیمانی لە ئاست ئەو ئومێدەدا نەبو

 

لە نامەیەكی دەستلەكاركێشانەوەشدا كە ئاراستەی ئەندامان و سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی نیشتیمانی كردوە كردوە، شۆخان رەزا نوسیویەتی،"وەك ئاگادارن لە سەرەتای ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی و پاشان بەردەوامیدان بە هاوپەیمانی نیشتیمانی بەبێ دابڕان و بە هیوایەكی گەورەوە تواناكانمان خستە خزمەت ئەم هێزە نوێیە، بەڵام بە داخەوە كە هاوپەیمانی لە ئاست ئەو ئومێدەدا نەبو، وێڕای چەندین هەوڵی دڵسۆزانەی باشكردنی بۆیە لێرەوە پێتان ڕادەگەیەنم كە هیچ پەیوەندیەكم بە هاوپەیمانیەوە نەماوە و دەستلە كار كێشانەوەی خۆم لە ئەنجومەنی سیاسی و ئەندامێتی هاوپەیمانی ڕادەگەیەنم".

ژمارەیەكی دیكە لە ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی و ژمارەیەك لە هاودیدانی ئەو حزبە نیگەرانن لە شێوازی كاركردنی سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتیمانی

 

هەر بە گوێرەی زانیارییەكانی خەندان، جگە لە شۆخان رەزا، ژمارەیەكی دیكە لە ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی و ژمارەیەك لە هاودیدانی ئەو حزبە نیگەرانن لە شێوازی كاركردنی سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتیمانی و رەنگە لە داهاتویەكی نزیكدا دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان پێشكەشی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی بكەن.

شۆخان رەزا، یەكێكە لەوانەی لەسەرەتای دروستبونی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كاری لە ریزەكانی ئەو حزبەدا كردوە، دواتر و دوای هەڵوەشانەوەی ئەو حزبەو گۆڕینی بە هاوپەیمانی نیشتیمانی، لەگەڵ هاوڕێ هاودیدەكانی درێژەی بەكاری سیاسی خۆی داو لە كۆنگرەدا بە چوارەم دەنگی ئەو حزبە بوە ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی بە تاقانە یەكێتییەكەی ناو ئەنجومەنەكە ناوی هێنراوە، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی كە تاكە یەكێتی جاران بوە لەناو ئەو حزبەدا درێژەی بە كاری سیاسی داوە. لەناو هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەریش یەكێك بو لەوانەی كاندید كرابو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2018 بەر لەوەی حزبەكەیان بایكۆتی هەڵبژاردنەكە بكات.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP