پاریس: پۆلیس 163 خۆپیشاندەر دەستگیردەكات

- 9/21/2019 11:36:00 PM 1005 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دواى ئەوەى ئەمرۆ شەممە، خۆپیشاندەران رژانە سەر شەقامەکانى شارى پاریسى پایتەختى فەڕەنسا و دروشمیان دەربارەى پارستنى کەشوهەوا بەرزکردەوە، لەلایەن پۆلیسى ئەو وڵاتەوە بە گازى فرمێسکرێژ بڵاوەیان پێکرا.

خۆپیشاندەران لە کۆمەڵەى هێلەگ زەردەکان و چالاکوانانى ژینگەیى و ئەندامانى سەندیکاى کرێکارانى ئەو وڵاتە پێکهاتبون.
خۆپیشاندەران داوایانكرد حکومەتى فەڕەنسا بەخێرایی كار بكات بۆ کەمکردنەوەى دەرهێنانى گازى سروشتى و گرتنەبەرى رێوشوێنى پێویست دەربارەى سوتانى دارستانى ئەمازۆن و توانەوەى بەستەڵەکەکان

 

لە رێپێوانێکى هێمنانەدا لە باشورى شارى پاریس خۆپیشاندەران داوایانكرد حکومەتى فەڕەنسا بەخێرایی كار بكات بۆ کەمکردنەوەى دەرهێنانى گازى سروشتى و گرتنەبەرى رێوشوێنى پێویست دەربارەى سوتانى دارستانى ئەمازۆن و توانەوەى بەستەڵەکەکان، بەڵام دوای ئەوەى چەند کەسێک لەنێو خۆپیشاندانەکەوە شوشەى بانکێکیان شکاند و گرژى کەوتە نێو خۆپیشاندانەکە، پۆلیسى فەڕەنسا بۆ کۆنتڕۆڵکردنى دۆخەکە گازى فرمێسکڕێژی بەكارهێنا.

دوابەدواى روداوەکە پۆلیسى فڕەنسا رایگەیاند، نزیکەى 163 کەسیان لە خۆپیشاندانەکانى ئەمرۆدا دەستگیر کردوە، هەروەها بەبڕى 135 یۆرۆ باجیان لە زیاتر لە 400 کەس وەرگرتوە بەهۆكاری ئەوەی لە ناوچەى قەدەغەکراودا خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە.

حکومەتى فەڕەنسا زیاتر لە 7 هەزار ئەفسەرى پۆلیسی بڵاوەپێكردوە بۆ رێگریکردن لە دروستبونى خۆپیشاندان لە ناوچە گرنگ و پرجوڵەکانى فەڕەنسا بەتایبەت لە ناوچەکانى نزیك بیناى سەرۆکایەتى ئەو وڵاتەو پەرلەمان و شەقامى شانزەلیزێ و دەوروبەرى تاوەرى ئیڤڵ.

حکومەت هۆکارى قەدەغەکردنى خۆپیشاندان لەوشوێنانە بۆ پاراستنى ئەمنیەتى وڵاتەکە و پارێزگارى لەو گەشتیارانە گەڕاندوەتەوە کە ڕو لە شارى پاریس دەکەن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP