كار بۆ گێڕانەوەی موچەی 80 هەزار لە سودمەندانی چاودێری خێزان دەكرێت

- 9/21/2019 11:12:00 PM 7660 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لەدوای گێڕانەوەی موچەی 13 هەزار كەمئەندام، وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی كاردەكات بۆ گێڕانەوەی موچەی زیاتر لە 80 هەزار كەس كە موچەی چاودێری خێزانیان وەردەگرت.

 كار دەكەین بە گێڕانەوەی موچەی چاودێری خێزان كە كۆمەڵێك چین و توێژ دەگرێتەوە

 

ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بە خەندان-ی راگەیاند،"لەماوەی مانگ و نیوی رابردودا، وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی توانی موچەی بڕدراوی ئەو 13 هەزار كەمئەندامە بگێڕێتەوە كە پێشتر بڕدرابو، لەدوای ئەم هەنگاوە ئێمە كار دەكەین بە گێڕانەوەی موچەی چاودێری خێزان كە كۆمەڵێك چین و توێژ دەگرێتەوە".

"پێشتر چاودێری خێزان كە كۆمەڵێك چین و توێژ دەگرێتەوە و  150 هەزار دیناریان وەكو موچەی مانگانە لە حكومەت هەبو، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە موچەكەیان راگیرا

 

وتەبێژی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی راشیگەیاند،"پێشتر چاودێری خێزان كە كۆمەڵێك چین و توێژ دەگرێتەوە و  150 هەزار دیناریان وەكو موچەی مانگانە لە حكومەت هەبو، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە موچەكەیان راگیرا، هەوڵدەدەین لەرێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە جارێكی دیكە موچەكەیان بۆ بگەڕێنینەوە".

لەكاتی بڕیاردانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ گێرانەوەی موچەی ئەم چینانەی كۆمەڵگا، موچە فەوتاوەكەیان بۆ خەرج ناكرێتەوە، بەڵكو هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیكە رەنگە بۆیان بكرێتە پاشەكەوت

 

ئاریان ئەحمەد راشیگەیاند،"لەكاتی بڕیاردانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ گێرانەوەی موچەی ئەم چینانەی كۆمەڵگا، موچە فەوتاوەكەیان بۆ خەرج ناكرێتەوە، بەڵكو هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیكە رەنگە بۆیان بكرێتە پاشەكەوت".

ئاماژەی بەوەشكرد، هەوڵەكانی ئێمە ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە پێشتر مێردەكەی گیراوە و لە زینداندایەو هیچ كارێكی نیە، لەئێستادا لە وەزارەت سەرقاڵی دروستكردنەوەی هەیكەلی داتاكانیانین، ئەم هەوڵەش پێویستی بە هەماهەنگی وەزارەتی دارایی و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران هەیە، بەهیواین بتوانین بە زویی هەوڵەكانمان یەك بخەین و موچەی ئەو چینانەی كۆمەڵگەش بگەڕێنینەوە".

موچەی چاودێری خێزان كە پێشتر بڕی 14 ملیار دیناری بۆ تەرخانكرابو كە زیاتر لە 80 هەزار كەس مانگانە بڕی 150 هەزار دیناریان پێدەدرا، لە ساڵی 2014 ەوە بە پاساوی قەیرانی دارایی موچەكانیان ڕاگیرا

 

موچەی چاودێری خێزان كە پێشتر بڕی 14 ملیار دیناری بۆ تەرخانكرابو كە زیاتر لە 80 هەزار كەس مانگانە بڕی 150 هەزار دیناریان پێدەدرا، لە ساڵی 2014 ەوە بە پاساوی قەیرانی دارایی موچەكانیان ڕاگیرا.

ئەو كەسانەی مافی وەرگرتنی ئەم بڕە پارەیان هەیە هەریەك لە(بێوەژن، جیابوەوە، بەساڵاچو سەرو 65 ساڵ ، خێزانی زیندانی، خوێندكاری خێزاندار، نەخۆشی درێژخایەن و پەککەوتە بەرێژەی 75% بۆ سەرەوە، کچی بێ دایک و باوک، منداڵی بێ سەرپەرشت، منداڵانی توشبو بە نەخۆشی شەکرە)ن.

مەرجەکانی وەرگرتنی موچەی چاودێری خێزان:

١. هیچ موچەیەک وەرنەگرێت لە حکومەت یا هیچ کرێیەک لە کەرتی تایبەت.

٢. هیچ داهاتێکی جێگیری نەبێت.

٣. خۆی بە خێوکەری خێزان بێت بۆ (بێوەژن، جیابوەوە، قوتابی خێزاندار، خێزانی حوکمدراو).

٤. کچی بێ دایک و باوک کە (تەمەنی لە 18 ساڵ زیاتر بێت، بەخێوکەری نەبێت، هیچ موچەیەکی نەبێت).

٥. لە کارکەتو کە تەمەنی لە 8 ساڵ کەمتر نەبێت و پلەی پەککەوتەی 75% بێت و هیچ موچەیەکی نەبێت.

٦. منداڵی بێ سەرپەرشت (هیچ داهاتێکی جێگیر و موچەی نەبێت، دایک و باوکی نەمابێ یان باوکی نەمابێ و
دایکی شوی کردبێت).



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP