رۆژنامەنوسانی روداو بە كۆمەڵ دەستلەكاردەكێشنەوە

- 9/21/2019 9:53:00 PM 128954 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمشەو رۆژنامەنوسانی نوسینگەی سلێمانی كەناڵی روداو بە كۆمەڵ دەستیان لەكاركێشایەوەو هۆكاری ئەو بڕیارەشیان دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی كۆمەڵێك گۆڕانكاری كراوە كە وەكو دەزگایەكی میدیایی مامەڵە نەكراوە بەڵكو وەكو بازگەیەكی سەربازی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.

وەكو دەزگایەكی میدیایی مامەڵە نەكراوە، بەڵكو وەكو بازگەیەكی سەربازی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت

 

سامان بەشارەتی، یەكێك لەو رۆژنامەنوسانەی لەسەرەتای دامەزراندنی روداو لەو كەناڵە كاری كردوە بە خەندان-ی راگەیاند،"ئێمە هەشت رۆژنامەنوسین، بەكۆمەڵ دەستمانلەكار كێشاوەتەوە، هۆكاری ئەو بڕیارەمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە كۆمەڵێك گۆڕانكاری كراوە كە وەكو دەزگایەكی میدیایی مامەڵە نەكراوە، بەڵكو وەكو بازگەیەكی سەربازی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت".

میدیاكار دەبێت ئازادبێت، لە چونە دەرەوە و لە چون و رۆشتن، ئەمان رەچاوی ئەوە ناكەن و رەچاوی كۆمەڵێك شتی بێ بەهایان كردوە

 

وتیشی،"میدیاكار دەبێت ئازادبێت، لە چونە دەرەوە و لە چون و رۆشتن، ئەمان رەچاوی ئەوە ناكەن و رەچاوی كۆمەڵێك شتی بێ بەهایان كردوە، كۆمەڵێك خەڵكیان هێناوە كە كەسانی ناپرۆفیشناڵن و كردویانە بە بەرپرس كە هێندەی ئەو كەسانە شارەزا نین كە دەستیان لەكاركێشاوەتەوە و لەناكاو كۆمەڵێك خاڵی سەپاندوە كە هەزم ناكرێت، ئەمانە كۆمەڵێك شتن كە نەتوانین لەو كەناڵە كار بكەین"

ئەو رۆژنامەنوسانەی دەستیانلەكاركێشاوەتەوە كە سەرجەمیان رۆژنامەنوسانی نوسینگەی سلێمانی كەناڵەكەن

 

ئاماژەی بەوەشكرد،" ئەو رۆژنامەنوسانەی دەستیانلەكاركێشاوەتەوە كە سەرجەمیان رۆژنامەنوسانی نوسینگەی سلێمانی كەناڵەكەن، لە سەرەتای دامەزراندنی روداوەوە كاردەكەن".

سەبارەت بەوەی ئایا پێشوەختە لەگەڵ بەڕێوەبەری دەزگاكە گفتوگۆیان ئەنجامداوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكەیان، بەشارەتی رایگەیاند،"بە ئیمەیڵێك، ئاكۆ محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تۆڕی میدیایی روداومان ئاگاداركردەوە، كە ئەم كێشانە لە نوسینگەی سلێمانی دەگوزەرێت و پێویستی بە چارەسەركردنە، پێویستی بەوەیە كە دابنیشین گفتوگۆ بكەین، بەڵام بەداخەوە ئیمەیڵەكەی ئێمەی بە جۆرێك لە هەڵگەڕانەوە لە روداو هەژماركرد، پێی وتین كە ئەمە جۆرێكە لە گەلە كۆمە و قبوڵی ناكەین و نامەكەی ئێمە بە دەستلەكاركێشانەوە هەژماركرد".

لە رونكردنەوەیەكیشدا كە وێنەیەكی گەیشتۆتە خەندان ئەو رۆژنامەنوسانە دەڵێن،"ئێمە ژمارەیەک کارمەندی نوسینگەی سلێمانی تۆڕی میدیایی روداو. ماوەیەکە هەندێک تێبینیمان هەبو لەسەر شێوازی کارکردن و بەرێوەبردنی ئۆفیسەکە و بەڕێوەبەری دەستگاکەمان بەنامەیەک ئاگادارکردەوە بۆ ئەوەی کەموکوڕییەکان چاک بکرێن. بەڵام بەداخەوە لەجیاتی ئەوەی وەڵامێکی دروست بدرێینەوە بۆ ئەوەی کەموکوڕییەکان چاک بکرێنەوە.نامەکەمان بە هەڵگەڕانەوە لە دەستگاکە لەقەڵەمدرا. هەربۆیە دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵمان راگەیاند".

ئەو رۆژنامەنوسانەی دەستیانلەكاركێشاوەتەوە.

سامان بەشارەتی               پەیامنێر
هاوکار یاسین                   پەیامنێر
جەمال ئەحمەد                  پەیامنێر
خونچە تەها                    پێشكەشكارو بێژەر
ئاوارە عەبدوڵا                 بەرپرسی بەشی ئای تی 
نەوزاد مەحمود                بەڕێوەبەری ژوری هەواڵ
پشتیوان محەمەد              مۆنتێر
سەلام ناسر                     مۆنتێر

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP