جێگیری سەرۆکی پارتی کرێکارانی بریتانیا رزگاری دەبێت لەو پلانانەی لە دژی ئەنجامدەدرێت

- 9/21/2019 5:04:00 PM 2125 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-      

دواجار، تۆم واتسۆن جێگری سەرۆکی پارتی کرێکارانی بریتانیا لە هەوڵەكانی پارتەكەی بۆ لابردنی لە پۆستەكەی رزگاری بو.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەمڕۆ یەکشەممە، پارتی کرێکارانی بریتانیا وازهێنانی خۆیان لە هەوڵدان بۆ لابردنی تۆم واتسۆن جێگری سەرۆکی پارتەکەیان راگەیاند، ئەوەش بەهۆی هەڵوێستی ناوبراو سەبارەت بە دەرچونی بریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا " بریکزیت ".

واتسۆن، پاڵپشتی خۆی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی دوەم پێش هەڵبژاردنی پەرلەمان دەربری، کە ئەمەش پێچەوانەی هەڵوێستی جێمی کۆربین سەرۆکی پارتەکە بو. 

جۆن لازمان دامەزرێنەری بزوتنەوەی مۆنتۆمی چەپڕەو كە هاوكات بەرپرسێکی پارتی کرێکارانە، پێشنیاری لابردنی جێگیری سەرۆکی پارتەکەی لە پۆستەکەی خستەڕو.
کۆربین پێشنیاری كردوە لابردنی واتسۆن نەکرێتە دەنگدانەوە و چاوپۆشی لە هەڵوێستەكەی بکرێت

 

سەرچاوەیەکی پارتەکە ئەمڕۆ شەممە بە رۆیتەرزی راگەیاندوە، کۆربین هەڵوێستی خۆی رادەگەیەنێت پێش ئەوەی كۆنگرەی ساڵانەی پارتەکەیان لەبرایتۆن ببەسترێت، وتیشی، کۆربین پێشنیاری كردوە لابردنی واتسۆن نەکرێتە دەنگدانەوە و چاوپۆشی لە هەڵوێستەكەی بکرێت، لەبەرئەوەی لە زۆر هەڵوێستی دیکەدا پاڵپشتی سەرۆکی پارتەکە بوە.

ئەم هەڵوێستەی واتسۆن لەلایەن زۆرێک لەکەسایەتیە دیارەکانی پارتەکەوە روبەڕوی رەخنە بوەوە، یەکێک لە رەخنەگران سادق خان، سەرۆکی شارەوانی لەندەن وتی، ئەم پێشنیارەی لەکاتێکدا کردوە کە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بریکزیت، ئەگەری زۆر هەیە هەڵبژاردنێکی دیکەی پەرلەمانی لە بریتانیا ئەنجامبدرێت.

خان وتیشی، لەئێستادا دەبێت جەخت لەسەر روبەروبونەوەی بۆریس جۆنسن سەرۆکوەزیرانی بریتانیا بكەینەوە لە هەوڵە تێکدەرەکانی بۆ دەرچونی بریتانیا بەبێ رێکەوتننامە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP