ترەمپ گورزێکی دیکەی سزای ئابوری لە ئێران وەشاند

- 9/20/2019 7:27:00 PM 15922 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، سەپاندنی گورزێکی نوێی "بە‌هێزی" سزای ئابوری بەسەر ئێراندا راگەیاند.

ترەمپ ئەمرۆ بە رۆژنامونوسانی راگەیاند، "هەر ئێستا سزای بانکی نیشتیمانی ئێرانمان دا، تا ئێستا قورسترین سزایە کە وڵاتێک سەپاندبێتی بەسەر وڵاتێکی دیکەدا".

ئیدارەی ترەمپ، لە چەند رۆژی رابردودا، بەڵێنی سەپاندنی گورزێکی دیکەی سزای ئابوریدا بەسەر ئێراندا، ئەوەش دوای تۆمەتبارکردنی لە هێرشەکەی سەر کێڵگە نەوتیەکانی سعودیە، کە بەهۆیەوە نرخی نەوت لە بازارەکانی جیهاندا بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینی.

دوێنێ  مایک پۆمپیو، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە سعودیە لە پێگەی فەرمی خۆی لە تویتەر چەند ئاماژەیەکی توندی بڵاوکردەوە و پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ سعویە دژی ئێران دەربڕی و وتی"رەفتارە هەرەشە ئامێزەکانی ئێران هەرگیز چاوپۆشی لێ ناکرێت و جێگای قەبوڵ نیە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP