نەیجیریا؛ لەماوەی شەش مانگدا 22 ملیۆن بەرمیل نەوت دزراوە

- 9/20/2019 2:10:00 PM 1030 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەرپرسانی نەیجیریا رایانگەیاند، لە ئەنجامی دزیكردن، لەماوەی شەش مانگی رابردودا، وڵاتەكە بە بڕی 1.35 ملیار دۆلار نەوتی لەدەستداوە.

بە گوێرەی بەرپرسانی نەیجیریا، لە ئەنجامی دزیكردن و كاری تێكدەرانە لە بۆریە نەوتیەكانی وڵاتەكەدا، 22 ملیۆن بەرمیل نەوت كە نرخەكەی بە یەك ملیار و 35 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت لە ماوەی شەش مانگی رابردودا دزراوە.

ئەنجومەنی ئابوری نیشتیمانی نەیجیریا، لەمیانی كۆبونەوەی لە ناوەندی سەرۆكایەتی ئەبوجا و بە گوێرەی ئەو ژمارە و ئامارانەی كۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی نەیجیریا بڵاویكردوەتەوە، ئەو زانیاریانەی خستەڕو.

22.6 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو-مان لەدەستداوە

گودوین ئۆباسكی، بەرپرسی ویلایەتی ئیدۆ لە نەیجیریا پاش كۆبونەوەكە وتی "لەماوەی شەش مانگی رابردودا و لەنێوان كانونی دوەم بۆ حوزەیران، 22.6 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو-مان لەدەستداوە، كە نرخەكەی دەگاتە نزیكەی یەك ملیۆن و 35 ملیار دۆلار".

ئاماژەی بەوەشكرد، گەر كێشەی دزین و ئەنجامدانی كاری تێكدەرانە لە نەیجیریا چارەسەرنەكرێت، ئەو زیانانە بەرەو زیاتر دەڕۆن.

رێژەی خەزنكراوی نەوت و گاز-ی سروشتی وڵاتەكەی دەگاتە 70 ملیار بەرمیل

نەیجیریا، كە رێژەی خەزنكراوی نەوت و گاز-ی سروشتی وڵاتەكەی دەگاتە 70 ملیار بەرمیل، دوەم وڵاتی وەبەرهێنی نەوتی خاوە لە ئەفریقا و رۆژانە دو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بەرهەمدەهێنیت.

ئەو وڵاتە، بەهۆی نەوتەوە ژینگەكەی بە تەواوی تێكچوە و هەزاران كەس داهاتی ژیانیان لە رێگەی كاری نایاسایی و دزینی نەوتی بۆریە نەوتیەكانەوە پەیدا دەكەن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP