بەپەلە

رۆژنامەیەكی ئەمریكی: پێنتاگۆن ناردنی موشەكی بەرگری و فڕۆكەی جەنگی بۆ سعودیە تاوتوێدەكات

- 9/20/2019 10:40:00 AM 1687 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رۆژنامەیەكی ئەمریكی رایگەیاند، پاش ئەو هێرشانەی هەفتەی رابردو كرایە سەر پێگە نەوتیەكانی ئارامكۆ لە سعودیە، وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە ئێستادا سەبارەت بە ناردنی چەكی زیادە بۆ سعودیە هەڵسەنگاندن دەكات.

سەبارەت بە سعودیە پلانی داناوە بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەك گفتوگۆ

پێگەی ئەلیكترۆنی رۆژنامەی واڵستریت جۆرناڵ، لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ناو وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پێنتاگۆن)ەوە سەبارەت بە پێشهاتەكانی ئەمداوییەی سعودیە بڵاویكردوەتەوە، "لە ئێستادا ئەو ناوەندە ئیداریەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كە تایبەتە بە كارەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەبارەت بە سعودیە پلانی داناوە بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەك گفتوگۆ".

سەبارەت بە وەڵامدانەوەی هێرشەكان بۆ سەر پێگە نەوتیەكانی ئارامكۆ لە سعودیە كۆدەبنەوە

ئاماژەی بەوەشكردوە "رۆژانی پێنجشەممە و هەینی، 19 و 20ی ئەیلول، لەسەر ئاستی سەرۆك ئەركان جەنەراڵ كێنێت مككنزی و دو بەڕیوەبەری جێبەجێكار لە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، سەبارەت بە وەڵامدانەوەی هێرشەكان بۆ سەر پێگە نەوتیەكانی ئارامكۆ لە سعودیە كۆدەبنەوە و دواتر ئەنجامەكە دەخەنە بەردەست دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی".

پێشنیاری ئەوەدەكەن سیستەمی موشەكی پاتریۆت بۆ بەرگری ئاسمانی و سیستەمەكانی (تاد)ی دژە موشەكی بدەنە سعودیە

ئەو رۆژنامەیە رونیشیكردوەتەوە، بەرپرسانی ناوەندی پێنتاگۆن، پێشنیاری ئەوەدەكەن سیستەمی موشەكی پاتریۆت بۆ بەرگری ئاسمانی و سیستەمەكانی (تاد)ی دژە موشەكی بدەنە سعودیە، هاوكات لەگەڵ ناردنی چەند فڕكەیەكی جەنگی كە لە پلاندا هەیە لە پێگەی ئەمیر سوڵتان لە رۆژهەڵاتی ریاز-ی پایتەختی سعودیە جێگیر بكرێـن".

لە هەمانكاتدا، وا بڕیارە هەریەك لە دۆناڵد ترەمپ و ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەمرۆ هەینی كۆبونەوەیەكی داخراو ئەنجامبدەن، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ وتەی چەند سەرچاوەیەك كە رایانگەیاندوە "ترەمپ پێی باش نیە هێز بەرامبەر ئێران بەكاربهێنێت".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP