بەپەلە

مه‌سرور بارزانی: پێویسته‌ وه‌ك هه‌رێمێك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كوردستان بكرێت نه‌ك وه‌كو پارێزگاكان

- 9/19/2019 10:02:00 PM 3136 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌،  له‌ په‌راوێزی ئاهه‌نگی یه‌كه‌م خولی ده‌رچوانی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان له‌ دهۆك، له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆبوه‌وه‌.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، خۆشحاڵی خۆی به‌ بانگهێشتی فه‌رمی بۆ به‌شداریكردن له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ ده‌ربڕی و وتی:"بینینی دۆستانمان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ ده‌رفه‌تێكی باش ده‌زانین، هه‌ست به‌ خۆشحاڵی ده‌كه‌م كاتێك ده‌بینم هه‌رێمی كوردستان له‌ زۆربه‌ی  بواره‌كان پێشده‌كه‌وێت".
وازیارین بگه‌ینه‌ زه‌مینه‌یه‌كی له‌باری هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌ هیچ شێوه‌یه‌كیش رازی نین زیان به‌ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بگات

 

حه‌لبوسی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدای به‌ باش وه‌سف كرد و وتی: "خوازیارین بگه‌ینه‌ زه‌مینه‌یه‌كی له‌باری هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌ هیچ شێوه‌یه‌كیش رازی نین زیان به‌ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بگات، ئه‌وه‌ش بنه‌مایه‌كه‌ و پێیه‌وه‌ پابه‌ندین".

حه‌لبووسی ئاماژه‌ی به‌ هه‌ندێك لێدوانی جیاواز كرد كه‌ له‌ باره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ دراون و رایگه‌یاند، ئه‌و لێدوانانە گوزارشت له‌ هه‌ڵوێستی فه‌رمی به‌غدا ناكه‌ن و دووپاتیشی كرده‌وه‌، هیچ هه‌ڵوێستێکی سیاسی نه‌رێنی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان نییه‌.

سه‌ركه‌وتنی كوردستان، سه‌ركه‌وتنی هه‌موو عێراقە‌، یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پرسه‌ ناكۆكه‌كانیش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مواندایه‌

 

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی ھیوادارین بگەینە چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی بۆ ته‌واوی پرسه‌ ناكۆكه‌كان و ئاماده‌ین ته‌واوی كێشه‌كان به‌ گوێره‌ی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكه‌ین، و ‌: "سه‌ركه‌وتنی كوردستان، سه‌ركه‌وتنی هه‌موو عێراقە‌، یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پرسه‌ ناكۆكه‌كانیش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مواندایه‌".

سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، وه‌كو هه‌رێمێكی چه‌سپاوی ده‌ستوری بێت، دووپاتیشی له‌ گرنگی هاوكاری ئه‌منی نێوان هه‌ردولا كرده‌وه‌، بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی شانه‌كانی داعش، كه‌ تا ئێستاش هه‌ڕه‌شه‌ن له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی وڵات.

له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ هه‌ماهه‌نگی باشی نێوان هێزه‌ عێراقییه‌كان و هێزی پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌، بۆ له‌ناوبردنی پێگه‌كانی داعش كه‌ له‌ هه‌ندێك ناوچه‌دا ماون.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP