وێنه‌..چاوی كامێراكانی فۆتۆگرافه‌رانی كۆشكی سپی، وێنه‌ی سه‌رۆكه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌‌كانی ئه‌مریكایان نه‌خشاندوه‌

- 9/19/2019 9:16:00 PM 20781 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وێنەگرانی كۆشكی سپی، بە بێدەنگی و تەنها لە رێگەی بینایی چاوەكانەوە ئەرشیفی سەرۆكەكانی ئەمریكا دەنوسنەوە و ئەو وێنانە وەكو شاكارێكی هونەری لەبیرنەكراو لە یادەوەری خەڵكدا دەچەسپێنن.

پێش بونی جۆن كەنەدی بە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، لە ساڵی 1961 دا، كۆشكی سپی وێنەگری فەرمی نەبو، لەبریوێنەگری فەرمی، ژمارەیەك لە وێنەگرانی هێزە سەربازیەكان وێنەی كاتە جیاوازەكانی سەرۆكەكانی ئەمەریكایان دەگرت لەكاتەكانی نانخواردن و گەشتە دەریایەكانیاندا.


بەڵام جۆن كەنەدی لە گرنگی وێنە و وێنەگران تێگەیشتبو،هەربۆیە سیسیڵ ستۆتن كە وێنەگری سوپای ئەمریكا بو وەكو وێنەگری فەرمی كۆشكی سپی دانا تا وێنەكانی ماوەی سەرۆكایەتی خۆی تۆماربكات.

ستۆتن دەستیكرد بەكارە نوێیەكەی و بۆ یەكەمینجار وێنەی ژیانی سەرۆكی ئەوكاتەی وڵاتەكەی بڵاودەكردەوە، بەڵام راشیگەیاندبو كە شێوازی كارەكەی سنورداركرابو.
كەنەدی بۆ ستۆتن-ی دەستنیشانكردبو كەی و لە كوێدا دەتوانێت وێنەی بگرێت، بۆ نمونە رێنماییداوە لەكتێكدادەچێتە مەلەوانگە هەتا ملی نوقمی ئاوەكە نەبێت ستۆتن ناتوانێت وێنەی بگرێـت.

یەكێك لە وێنە گرنگەكانی ستۆتن، لە بەرواری 22ی تشرینی دوەمی 1963 بوە، كە وێنەی سوێندخواردنی  لیندن جۆنسن-ە بۆ سەرۆكایەتی ئەمەریكا دوای ئەوەی نەخۆشخانەی بەجێهێشت و پاشان راگەیەندرا جۆن كەنەدی گیانی لەدەستداوە.

لە وێنەكەدا دیارە: جۆنسن دەستی بەرزكردوەتەوە بۆ سوێندخواردنی یاسایی، لای چەپەوە جاكڵین كەنەدی، و لای راستیش بیرد جۆنسن-ی خێزانی لیندن وەستاوە.
ستۆتن بەهۆی نزیكبونیەوە لە سەرۆكایەتی، توانی وێنەی ئەو ساتە تراژیدیایەی ئەمریكا بچركێنێت، گەر وانەبوایە لەوانەیە تەنها لە رێگەی دەنگەوە روداوەكە ببیسترایە.

پاش ئەوەی لیندن جۆنسن بو بە سەرۆكی ئەمریكا، شێوازی كاركردنی وێنەگری لە كۆشكی سپی گۆڕا و تیمی وێنەگرانی كۆشكی سپی بەرفراوانبو، لیندن جۆنسن،  یۆیچی ئۆكاماتۆ-ی وەكو فۆتۆگرافەری فەرمی كۆشكی سپی دامەزراند، ئۆكاماتۆ، پێشتریش كاتێك جۆنسۆن جێگری سەرۆكی ئەمریكابو كاری لەگەڵدەكرد.

لەم وێنەیەدا یۆیچی ساتە تایبەتەكانی سەرۆكی ئەمریكا لیندن جۆنسن-ی چركاندوە لە كاتێكدا لەگەڵ سەگەكەیدا گۆرانی دەڵێت

هاوكات ئۆكاماتۆ وێنەی لیندن جۆنسن-ی لە كاتی كۆبونەوە مێژویەكانیدا لەگەڵ پێشرەوانی مافی مرۆڤ و ساتی چاكبونەوەی لە نەشتەرگەری و لەناو پێخەفەكەیدا چركاندوە، ئەم وێنانە كاریگەری لەسەر تێروانینی گشتی بۆ ئەو سەرۆكە وەكویەكێك لە پیاوە گەورەكان لەجیهاندا هەبوە.

 

پیت سۆوزا،بەرێوەبەریوێنەگرانی فەرمی كۆشكی سپی لە ماوەی سەرۆكایەتی باراك ئۆباما، لە بارەی یۆیچی ئۆكاماتۆ-وە بە ئۆباما-ی وتوە "تێروانینم بۆی هەمیشە وەكو ئاستێكی بەرزبوە كە دەمەوێت پێی بگەم".  

سۆوزا پێشتر كاری وێنەگری بۆ چەند كەسایەتیەكی ناسراوكردوە و لەو ماوەیەشدا وێنەكانی ئۆبامای ئەرشیفكردوە هەر لە سەرەتای بونی بە باڵیۆزێكی نوێ لە ساڵی 2005 ەوە  هەتا لە ساڵی 2009 دا كە بوەتە سەرۆكی ئەمریكا.

سۆوزا پێناسەی ئۆباما دەكات و دەڵێت  "كەسێكە لە ماوەی فەرمانرەواییەكەیدا بە باشی تێگەیشتبو لە نرخی ئەو مێژوەی كە لە رێگەی چاوەكانەوە دەبینرێـت".
سنوری كاركردنی سۆوزا،  لە ماوەی سەرۆكایەتیەكەی ئۆبامادا فراوانبو و رێگەی پێدرابو وێنەی ساتەكانی بەرزترین بەرپرسی ئاسایش هەتا دەگاتە سەرۆكی وڵات بچركێنێت.

ئۆباما و جۆ بایدن و تیمی ئاسایشی نیشتیمانی، له‌كاتی چاوێریكردنی پرۆسه‌ی دۆزینه‌وه‌ی پێگه‌ی ئوسامه‌ بنلادن له‌ ساڵی 2011دا

 

لەبارەی كارەكەیەوە دەڵێت "رۆڵی خۆمم وەكو كەسێك دەبینی كە هەوڵ دەدات ئەرشیفێكی پڕ لە وێنە بۆ مێژو دروستبكات، ئەوە یەكەمین شتبو لەناومێشكمدا، هیچ شتێكیتر گرنگ نەبو لام، تەنها شت گرنگبێت ئەوەبو من خزمەتێك پێشكەشی داهاتو بكەم، ئەوە بۆ من وەكو ئەوە وایە نەمربیت".  

ئەرشیفی نیشتیمانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا نزیكەی دو ملیۆن وێنەی سۆوزا-ی تێدایە كە لە ماوەی سەرۆكایەتی ئۆبامادا و كارە فۆتۆگرافیەكانی دیكەی كە لەگەڵ ستافی وێنەگرانی كۆشكی سپی لە ماوەی سەرۆكایەتیەكانی پێش ئۆبامادا گرتویەتی، هەرچەندە هەتا ئێستاش هەمو وێنەكان بلاونەكراونەتەوە.

نوسینگەی بەرێوەبردنی حكومەتەكەی ئۆباما یەكەمین دەستپێشخەریكرد لە بڵاوكردنەوەی وێنەكانی كۆشكی سپی لە رێگەی تۆرەكۆمەڵایەتیەكان وهەژمارە تایبەتەكانی سەرۆكی وڵاتەوە، وەكو فڵیكر و ئینستاگرام كە بە بەردەوامی وێنەی تێدا دادەنرا.

لەكاتێكدا بە پێی مایك دەیڤس، كە ئامادەكاری وێنەكانی كۆشكی سپی بو لە ماوەی سەرۆكایەتی جۆرج بۆشدا، هەفتانە یەك تا دو وێنەی سەرۆك بۆ میدیا رۆژنامەوانیەكان بڵاودەكرانەوە.

بڵاوكردنەوەی وێنەی سەرۆكەكانی ئەمریكا و ژیانیان لەناو كۆشكی سپی و دەرەوەیدا بە تێپەربونی دەیان ساڵی رابردو تا ئێستا گۆرانكاری بەسەردا هاتوە.
سۆوزا، لە نێوان ساڵانی 1983 بۆ 1989، لە ماوەی سەرۆكایەتی رۆناڵد رێیگنداسەرەتا وە كو یەكێك لەوێنەگرانی كۆشكی سپی كاریدەكرد ، لەوكاتەشدا بڵاوكردنەوەی وێنەكانی كۆشكی سپی دەبوایە وریایانەتر مامەڵەی لەگەلبكرایە.

سۆوزا دەڵێت "ئەو سەردەمە هیچ شتێك نەبو بەناوی ئینتەرنێت و تۆری كۆمەڵایەتی، ئەگەر هەر وێنەیەكیش بڵاوبكرایەتەوە دەیانزانی لە لایەن كەناڵە تەلەفزیۆنیەكانی ABC, CBS, NBC وە بەكاردەهێنرێن، ئەو سێ كەناڵەش زۆر بە وریاییانە مامەڵەیان لە بەكارهێنانی وێنەكان دەكرد چونكە دركیان بەوەكردبو خاوەنی هێزێكی زۆرن لە بڵاوكردنەوە و گەیاندندا، پێموایە ئەوان بۆ وێنەكان زیاتر جڵەوگیربون".

دەشڵێت "لەماوەی سەرۆكایەتی ئۆباما، خۆی كۆتا بریاریدەدا لە هەڵبژاردنی ئەو وێنانەی بڵاویدەكەنەوە بۆ خەڵك، لای ئەو بڵاوكردنەوەی وێنەكانی ئاسایی بو تەنها ئەگەر وێنەكان بابەتی هەستیاریان تێدانەبوایە".

دەركەوتنە بە برشتەكانی باراك ئۆباما و دانانی سنورێك كە زۆر توندنەبێت وایكرد روبەروی رەخنە ببێتەوە، لەهەمانكاتدا بەرێوەبەرایەتی ئۆباما،بەشداریكردنی رۆژنامەنوسانی لە هەندێك بۆنەداسنورداركردبو، لەبری ئەوە رۆژنامەنوسان وێنەكانی سوزایان دادەنا.

لە تشرینی دوەمی ساڵی 2013 دا، جۆش ئیرنست، جێگری وتەبێژی ئەوكاتەی كۆشكی سپی وتی "ئێمە سودمان لە تەكنەلۆژیای نوێ وەرگرتوە بۆ ئەوەی رێگە بە خەڵك بدەین وێنەی زیاتری روداوەكانی پشتپەردەی كاروچالاكیەكانی  سەرۆك ببینن لەكاتێكدا ئەركەكانی ئەنجامدەدات".

وێنەی سەرۆكەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، كە لە ناوەوە و دەرەوەی كۆشكی سپی دەچركێندرێن گرنگی خۆیان هەیە بۆ تێگەیشتن لە سەرۆك و سەرۆكایەتی، ئەوەش لە ماوەی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ-دا بە شێوەیەكی رون دەردەكەوێت.

شیڵا كرەیگهێد، كە ئێستا بەرێوەبەری فەرمی وێنەگرانی كۆشكی سپیە، بەشێوەیەكی زۆر جیاواز لە هاوپیشەكانی پێشخۆی كارەكەی ئەنجامدەدات، ئەو پێشتر وەكو وێنەگری تایبەتی لاورا بوش-ی هاوسەری جۆرج بوش كاریدەكردو دواتریش بۆ چەند كەسایەتیەكی سیاسی كاریكردوە.

كرەیگهێد، راستەوخۆ پاش تۆماركردنی دەستبەكاربونی ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمریكا،وەك وێنەگری فەرمی كۆشكی سپی دەستبەكاربو.

بە بەراورد بە دەستەی بەرێوەبەرایەتی ماوەی سەرۆكایەتیەكەی ئۆباما، دۆناڵد ترەمپ وێنەی كەمتری بڵاوكردوەتەوە، بە تایبەتیش وێنەكانی ناو كۆشكی سپی كەمترە لە وێبسایتەكانی وەكو فلیكردا، وێنەكانی كرەیگهێد توندن و كەمترمان لەبارەی كاراكتەری ترەمپ-ەوە پێدەڵێن.

سوزا لەبارەی جیاوازیەكانی نێوان بەرێوەبەرایەتی ترەمپ پێش ترەمپ هیچ وتەیەك بڵاوناكاتەوە، بەڵام لە رێگەی تۆرە كۆمەڵایەتیەكانەوە و لە كۆتا كتێبیدا بەناوی "سەرگوزشتەی دو سەرۆك"، بە وێنەكانی باراك ئۆباما رەخنەكانی خۆی ئاراسته‌ی دۆناڵد ترەمپ ده‌كات.

ریچارد نیكسن سنوری كاركردنی وێنەگرەكەی بچوككردبوەوە و ئۆڵی ئاتكینس و جیمی كارتەر تەنها دو سەرۆك بون كە وێنەگری فەرمیان نەبو، لە ماوەی هەردو سەرۆكایەتیەكەیاندا خەڵك ئەو هەلەی لەدەستدا كە بتوانن لە دوای ئەو وێنە كڵێشە و دوبارەبوە سیاسیانەی زەردەخه‌نە و دەستگوشینی یەكدیانه‌، باشتر لە سەرۆكەكیان تێبگه‌ن.

خەڵكی ئەمریكا ئێستا هیوادارن كرەیگهێد بتوانێت وێنەی زیاتری ناوەوە و بی فلتەری ترمپ بلاوبكاتەوە، بۆ ئەوەی رۆژێك لە رۆژان بتوانن ببینن ئەم دەستەی بەرێوەبەرایەتیە نائاساییە چۆن كارەكانی جێبەجێكردوە.

سۆوزا لەبارەی وێنە مێژوییەكانەوە دەڵێت "بۆ من ئەو وێنانە زۆرتر گرنگن و زیاتر ئاشكرادەكەن، بەتایبەت ئەگەر تۆ پاش 50 یان 100 ساڵی دیكە سەیری ئەو وێنانە بكەیت تا تێبگەیت لە كاراكتەری ئەو مرۆڤە".



نیشانەکردن :

#جۆراوجۆر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP