رێگری لە مەحمود سەنگاوی لە پێگەیەكی باڵاوە ئەنجامدراوە
سەعدی پیرە ناوەرۆكی نامەكەی كۆسرەت رەسوڵ بۆ مەسعود بارزانی ئاشكرادەكات

- 9/19/2019 9:12:00 PM 261432 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، ناوەرۆكی نامەیەكی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بۆ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت، داوامانكردوە لەسەر ڕێگریكردنی لە مەحمود سەنگاوی رونكردنەوەمان بداتێ، دەشڵێت،"یەكێتی بەهیچ شێوەیەك ئەوەی پێ قبوڵ ناكرێت " پێی وایە ئەگەر لە پێگەیەكی باڵاوە دەستور نەدرابێتە ئەو ئەفسەرە، ئەوا ناتوانێت رێگری لە ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بكات.

بڕیارماندا كە مەكتەبی سیاسی بە ئیمزای كاك كۆسرەت، نامەیەك ئاراستەی كاك مەسعود بارزانی بكات، لە نامەكەدا داوای رونكردنەوە بكات

 

سەعدی پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ خەندان رایگەیاند،" ئەمڕۆ بڕیاربو، مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر كۆببێتەوە، كە ئەو دۆخە رویدا و رێگری لە كاك مەحمود سەنگاوی كرا، بڕیارماندا كە مەكتەبی سیاسی بە ئیمزای كاك كۆسرەت، نامەیەك ئاراستەی كاك مەسعود بارزانی بكات، لە نامەكەدا داوای رونكردنەوە بكات و پێداگیری بكات لەوەی كە ئەو جۆرە هەڵسوكەوتانە، لەگەڵ ئەوەی دژی یاسا و بنەماكانی دیموكراتیە، لە هەمانكاتدا ئێمەش وەكو هاوڵاتی و وەكو لێپرسراو قبوڵی ناكەین، چونكە كاك مەحمود ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیە".

هاتنی دكتۆر بەرهەم، سەرۆك كۆماری عێراق، بۆ ئەوە بوە كە لانیكەم پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی و بەغدا و هەرێم كەمێك چارەسەربكرێت

 

سەعدی پیرە راشیگەیاند،"هاتنی دكتۆر بەرهەم، سەرۆك كۆماری عێراق، بۆ ئەوە بوە كە لانیكەم پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی و بەغدا و هەرێم كەمێك چارەسەربكرێت، هاتنی یەكێتی بۆ كۆبونەوەی لە هەولێر، بۆ ئەوە بوە كە پاڵپشتی ئەو پرۆسەیە بكات، بەڵام دیارە ئەم كارە نەخوازراوە، ئەم رێگریە، ئەم هەڵسوكەوتە نایاساییە، كارێكی خراپ بوە و یەكێتی ئەمەی پێ قبوڵ ناكرێت و تەحەمولی ناكات، بۆیە داوای رونكردنەوە دەكەین".

بڕیاری لەو بابەتە، كاری بەرپرسێكی بازگە نییە، من دەیان ساڵە لەو بازگانەدا هاتوچۆ دەكەم، بەوپەڕی رێزەوە رێزم دەگرن، ئەگەر دەستورێك نەدرابێت لە پێگەیەكی باڵاتر، ئەفسەرێكی ئاسایی بەرپرسیار لە بازگەكە ناتوانێت بڕیارێكی وا بدات

 

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ خەندان وتیشی،"بڕیاری لەو بابەتە، كاری بەرپرسێكی بازگە نییە، من دەیان ساڵە لەو بازگانەدا هاتوچۆ دەكەم، بەوپەڕی رێزەوە رێزم دەگرن، ئەگەر دەستورێك نەدرابێت لە پێگەیەكی باڵاتر، ئەفسەرێكی ئاسایی بەرپرسیار لە بازگەكە ناتوانێت بڕیارێكی وا بدات، كە ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و فەرماندەیەكی پێشمەرگە كە سەرپەرشتی پۆڵێكی گرنگی شەڕی دژی داعش و ئەو هێزانە كردوە كە هەڕەشە لە هەرێمی كوردستان دەكەن و كاك مەحمود قارەمانێكی میللیە، چۆن ئەفسەرێك دەتوانێت رێگری لێ بكات".

كاك مەحمود زۆر بەرپرسیارانە مامەڵەی كردوە، دوای ئەوەی پێیانڕاگەیاندوە تۆ بۆت نییە بچیتە هەولێر، وتویەتی یەك پەرداخ ئاوی ساردم بدەنێ و گەڕاوەتەوە

 

سەبارەت بەوەی دەوترێت مەحمود سەنگاوی زۆر بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ روداوەكەدا كردوە، سەعدی پیرە رایگەیاند،"كاك مەحمود زۆر بەرپرسیارانە مامەڵەی كردوە، دوای ئەوەی پێیانڕاگەیاندوە تۆ بۆت نییە بچیتە هەولێر، وتویەتی یەك پەرداخ ئاوی ساردم بدەنێ و گەڕاوەتەوە".

لەنامەكەدا داوای رونكردنەوەمان لە كاك مەسعود كردوە و پێمانوتوە كە ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە جێگەی قبوڵكردن نییە و دەبێت لێی بكۆڵدرێتەوە و چارەسەربكرێت

 

سەعدی پیرە وتیشی،"لەنامەكەدا داوای رونكردنەوەمان لە كاك مەسعود كردوە و پێمانوتوە كە ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە جێگەی قبوڵكردن نییە و دەبێت لێی بكۆڵدرێتەوە و چارەسەربكرێت، ئەمە یەكەمین جاری نییە پارتی كاری وادەكات، لەگەڵ یەكگرتو، لەگەڵ حزبی دیكە، بۆیە دەبێت بزانن چۆن چارەسەردەكرێت، ئێمە ئەگەر بمانەوێت ببینە شەریكی راستەقینە لە سەرەتاسەری كوردستان، ئەو مامەڵەیەی ئەمڕۆ كراوە مامەڵەی دروستبونی دوئیدارەیی و ئیجباركردنە بۆ دروستبونی دو ئیدارەیی، ئەوە مامەڵەی یەكئیدارەیی و یەكهەرێمی و نەهێشتنی كارەساتی دوئیدارەیی كۆتایی پێ بهێنێت".

هاوڵاتی بەپێی یاساكانی هەرێم و دەستوری عێراق، ئازادە لەوەی لەسەرتاسەری عێراق بێت و بڕوات، بەو مانایەی ئەگەر یەكێك رەخنەیەكی لە یەكێتی گرت نابێت بێت بۆ سلێمانی؟

 

سەبارەت بەوەی ئەو رێگریە كاری حزبیە یاخود حكومەت، سەعدی پیرە رایگەیاند،"هاوڵاتی بەپێی یاساكانی هەرێم و دەستوری عێراق، ئازادە لەوەی لەسەرتاسەری عێراق بێت و بڕوات، بەو مانایەی ئەگەر یەكێك رەخنەیەكی لە یەكێتی گرت نابێت بێت بۆ سلێمانی؟ ئەوە كاری حكومەتە رێگری لە هاوڵاتییەك بكات بۆ شارێك، چونكە كاك مەحمود هیچ قسەیەكی بە حكومەت نەوتوە".

سەبارەت بە هۆكاری رێگری لە مەحمود سەنگاوی رایگەیاند،"ئەو بابەتە ئێستا لە لێكۆڵینەوەدایەو دواتر هۆكارەكەی دەخەینەرو".

 

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP