فراكسیۆنی یەكێتی: پایته‌ختی هه‌رێم ئێستا له‌ژێر مه‌ترسی سڕینه‌وه‌دایه‌

- 9/19/2019 5:28:00 PM 17413 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە راگەیەندراوێكدا فراکسیۆنی سەوزی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، پایته‌ختی هه‌رێم ئێستا له‌ژێر مه‌ترسی سڕینه‌وه‌دایه‌، دەشڵێت،"رێگریكردن لە مەحمود سەنگاوی،  ‌نابه‌رپرسانه‌و نا یاساییه‌، ته‌واوی یه‌كڕیزی نیشتیمانی و یه‌كگرتوی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌خاته‌ ژێر پرسیار و له‌هه‌یبه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم كه‌م ده‌كاته‌وه‌و هێڵه‌كانی دو ئیداره‌یی و چه‌ند زۆنێتی له‌‌كوردستان تۆختر ده‌كاته‌وه‌".
هه‌رێمی كوردستان به‌قۆناغێكی ڕاگوزه‌ری هه‌ستیاردا تێپه‌ڕده‌كات

 

فراکسیۆنی سەوزی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان،"له‌كاتێكدا، هه‌رێمی كوردستان به‌قۆناغێكی ڕاگوزه‌ری هه‌ستیاردا تێپه‌ڕده‌كات، هه‌مولایه‌كمان له‌هه‌وڵی سه‌رخستنی پڕۆسه‌ی سیاسی و ئیداری هه‌رێمداین، به‌رپرسانی بازگه‌ی سماقوڵی، كه‌له‌سه‌ر لایه‌نێكی سیاسی هه‌ژمار ده‌كرێن، به‌بێ گوێدانه ‌یاسا و بنه‌ماكانی ڕێككه‌وتن و كاری پێكه‌وه‌ی، ئه‌مڕۆ ڕێگری له‌هه‌ڤاڵ مه‌حمود سه‌نگاوی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ده‌كه‌ن".

دەقە راگەیەندراوەكە:

له‌كاتێكدا، هه‌رێمی كوردستان به‌قۆناغێكی ڕاگوزه‌ری هه‌ستیاردا تێپه‌ڕده‌كات، هه‌موولایه‌كمان له‌هه‌وڵی سه‌رخستنی پڕۆسه‌ی سیاسی و ئیداری هه‌رێمداین، به‌رپرسانی بازگه‌ی سماقوڵی، كه‌له‌سه‌ر لایه‌نێكی سیاسی هه‌ژمار ده‌كرێن، به‌بێ گوێدانه ‌یاسا و بنه‌ماكانی ڕێككه‌وتن و كاری پێكه‌وه‌ی، ئه‌مڕۆ ڕێگری له‌هه‌ڤاڵ مه‌حمود سه‌نگاوی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ده‌كه‌ن، كه‌ویستویه‌تی سه‌ردانی پایه‌ته‌ختی ئه‌و هه‌رێمه‌بكات كه‌ئێستا له‌ژێر مه‌ترسی سڕینه‌وه‌دایه‌.   

‎ئه‌م ڕێگرییه ‌نابه‌رپرسانه‌و نا یاساییه‌، ته‌واوی یه‌كڕیزی نیشتیمانی و یه‌كگرتووی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان جارێكی دیكه ‌ده‌خاته‌ ژێر پرسیار و له‌هه‌یبه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌م ده‌كاته‌وه‌و هێڵه‌كانی دوو ئیداره‌یی و چه‌ند زۆنێتی له‌‌كوردستان تۆختر ده‌كاته‌وه‌. 

‎هه‌روه‌ها ئه‌م جۆره‌ڕه‌فتاره‌نابه‌رپرسانه‌، زه‌مینه‌سازی ده‌كه‌ن بۆ لێكترازان و له‌ده‌ستدانی متمانه‌و لێكه‌وته‌ی نه‌رێنی و چه‌ند باره‌بوونه‌وه‌ی ڕووداوی هاوشێوه‌و نه‌ویستراو و به‌كارهێنانی دامه‌زراوه‌ی حكومی و فه‌رمی له‌یه‌كلایكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستان له‌داهاتوودا. 

‎بازگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، شوێنگه‌ی حكومین و پارێزه‌ری ئه‌من و ئاسایشی ته‌واوی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كورستانن، و ده‌بێت فه‌رمان له‌لایه‌نه‌ حكومییه‌كان وه‌ربگرن، نه‌ك لایه‌نێك یان حزبێك یان كه‌سێك كه‌ویستی بێت هه‌ژموونی خۆی فه‌رز بكات به‌سه‌ریاندا. 

‎هه‌روه‌ها، له‌ڕووی یاساییه‌وه‌، بازگه‌كان- به‌گوێره‌ی یاسا كارپێكراوه‌كان- ته‌نها له‌حاڵه‌تی نائاسایی و نه‌خوازراودا مافی پشكنین و ڕاگرتن و ده‌ستگیركردنی هاووڵاتییانییان هه‌یه‌، و هه‌موو ڕه‌فتا‌رێكی دیكه‌له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م چوارچێوه‌یاساییه‌، ده‌چێته‌خانه‌ی حزبی نه‌ك دیموكراسییه‌ت. 

‎ له‌ هه‌مان كاتدا، ئێمه‌پێمان وابوو ئه‌وله‌یه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم، جگه‌له‌ به‌هێزكردنی پڕه‌نسپی حكومی سه‌رتاسه‌ری ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ جیاوازی، دانوستانی جیددی و لێبڕاوانه‌ده‌بێت بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌ده‌ستوورییه‌كان و شایسته‌ داراییەکانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی له‌كوردستان ، نه‌ك ڕێگریكردن له‌تێكۆشه‌رێكی دێرینی گه‌له‌كه‌مان و ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی حزبێكی هاوبه‌ش له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. 

‎له‌ كۆتایدا ده‌پرسین، سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌چ جۆرێك ده‌یه‌وێت سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌موو كوردستان، هه‌ر له‌زاخۆ تا خانه‌قین بێت، له‌كاتێكدا نه‌توانێت بازگه‌كانی ئه‌ژماركراو له‌سه‌ر حزبه‌كه‌ی خۆی كۆنتڕۆڵبكات؟

‎ئه‌وه‌ی ڕوویداوه‌، به‌ڕاستی به‌كرده‌ییكردنی زهنیه‌تی دوو ئیداره‌ی و دابه‌شكردنی خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌به‌سه‌ر زۆنی جیاواز و دابه‌شكردنی خه‌ڵكه‌كه‌شیه‌تی به‌سه‌ر به‌ره‌ی دۆست و به‌ره‌ی نه‌یار.

فراکسیۆنی سەوزی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
پەرلەمانی کوردستان



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP