"هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکانی سعودیە لەلایەن خامنەییەوە پشتگیری کراوە"
خەندان وردەکاری و هەڵوێستی وڵاتان لەوبارەیەوە ئاشکرادەکات

- 9/19/2019 5:02:00 PM 7769 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

روداوەکە و دواین زایناری
رۆژی 14ی ئەم مانگە له‌ رێگای فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و موشەکی زیرەکەوە هێرشكرایه‌ سه‌ر دو بەشی کۆمپانیای نەوتی ئارامكۆ لە سعودیە، هەرچەندە هێرشه‌كه‌ زیانی گیانی لێنەکەوتەوە، بەڵام کاریگەری لەسەر هەناردەکردنی لەسەدا 70 نەوتی سعودیە دروستکرد، 5.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردنی نەوتی سعودیەی کەمکردەوە کە لەسەدا 5ی نەوتی هەمو جیهان پێکدەهێنێت. 

سەرەتا پەنجەی تۆمەت بۆ هیچ لایەنێک درێژنەکرا، به‌ڵام حوسییه‌كانی یەمەن له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌یان به‌وه‌دا كه‌ ئه‌وان هێرشه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه‌، دواتریش سعودیە و ئەمریکا کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بەئەنجامدەری هێرشەکان تۆمەتبارکرد و رایانگەیاند راگەیاندنی بەرپرسیارێتی لەلایەن حوسییەکانەوە تەنها بۆ شاردنەوەی بابەتەکەبوە، لەئێستادا فەرەنسا لەسەر خەتە و بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاش رایگەیاندوە "هێرشەکانی ئەمدواییەی سەر کێڵگە نەوتییەکانی سعودیە لەلایەن ئایەتوڵا عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە پشتگیری کراوە بەو مەرجەی بەجۆرێک ئەنجامبدرێت ئێران بتوانێت تێوەگلانی لەو کەیسە رەتبکاتەوە." 

هەڵوێستی ئەمریکا 
ئەمڕۆ پێنجشەممە بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا کە نەیویستوە ناوی بهێنرێت  بەتۆڕی هەواڵی سی بی ئێسی ئەمریکی رایگەیاندوە، هێرشەکانی ئەمدواییەی سەر کێڵگە نەوتییەکانی سعودیە لەلایەن ئایەتوڵا عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە پشتگیری کراوە بەو مەرجەی بەجۆرێک ئەنجامبدرێت ئێران بتوانێت تێوەگلانی لەو کەیسە رەتبکاتەوە. 

لەلایەکی دیکەوە، دوێنێ وەزارەتی بەرگری سعودیە چەند پارچە چەکێکی هێرشەکانی سەر کۆمپانیای ئارامکۆی نیشاندا و جەختی کردەوە کە ئەو چەکانە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەکارهێنراون.

پێشتریش بەرپرسانی ئەمریکا جەختیان کردەوە کە هیرشەکە لەلایەن ئیرانەوە ئەنجامدراوە، بەڵام بەگوتەی بەرپرسانی ئەمریکا بەڵگەی حاشا هەڵنەگر وێنەی مانگە دەستکردەکانە کە نیشانی دەدەن سوپای پاسدارانی ئێران لەبنکەی ئاسمانی ئەهواز ئامادەکاری بۆ هێرشەکە دەکەن.

  بەڵگە گەورەکەی ئەمریکا 
بەگوێرەی زانیارییەکانی سی بی ئێس، وێنەی مانگە دەستکردەکان تا ئێستا لەلایەن ئەمریکاوە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام ئەوە ئاشکراکراوە کە موشەکەکان 400 میل بەناوچەی هێڵی ئاسمانی کوەیتدا رۆشتون تا ئامانجەکەی خۆیان لەسعودیە پێکاوە.

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بەسەرچاوەکانی هەواڵی ئەو وڵاتەی راگەیاندوە، ئەوان نەیانتوانیوە رێگری لەهێرشە موشەکییەکان بکەن، بڵاوکردنەوەی وێنەکانیش سودێکیان بۆ رێگرتن لەهێرشەکان نەبو، لەکاتێکدا ئامانجی هێرشەکە زانراو نەبو تا دەرکەوتنی ئەنجامەکانی. 

لەوبارەیەوە مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەمیانەی کۆبونەوەی لەگەڵ شازادەی سعودیە رایگەیاند، ئەو هێرشانەی ئێران بۆسەر کێڵگە نەوتییەکانی سعودیە " هەنگاوی هەڵگیرساندنی جەنگە" بەڵام دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەو وڵاتە رایگەیاند، پەلە ناکەن لەوەڵامدانەوە. 

لەدواین لێدوانیشدا دەربارەی هەڵوێستەکانی ئەمریکا، پۆمپیۆ رایگەیاندوە ئەمریکا پشتیوانی مافەکانی سعودیە دەکات بۆ بەرگریکردن لەخۆی، راشیگەیاندوە، زانیاری گرنگ لەبارەی هێرشی سەر ئارامکۆ لەسعودیە دەدەنە ترەمپ. 

ئەمە لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لەتویتێکدا ئاماژەی بەوەکرد وەزیری گەنجینەی وڵاتەکەی راسپاردوە بۆ زیادکردنی سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و لەوبارەیەشەوە لەماوەی 48 کاتژمێری داهاتودا زانیاری گرنگ بڵاودەکەنەوە. 

لای خۆشییەوە ژەنەرال فرانک ماکەنزی فەرماندەی باڵای ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوای لەوڵاتەکەی کردوە رێگەبدن سێ پاتری دژە موشەکی رەوانەی سعودیە بکات بۆ پاراستنی زیاتری وێستگە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە، چونکە سیستمی بەرگری ئاسمانی سعودیە لاوازە و ناتوانێت بەرگری لەخۆی بکات.  

بەگوێرەی زانیارییەکان ژەنەراڵ فرانک ئامادەکاری کردوە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران و هێرشکردنە سەر وێستگە نەوتییەکان و سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە، بەڵام تائێستا لەلایەن فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکاوە فەرمانی جێبەجێکردنی نەدراوە. 

کاتێک دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بژاردەی هێرشی سەربازی بۆ وەڵامدانەوەی ئێران خرایە بەردەست، رایگەیاند پێویستبو سعودیە وەڵامی هێرشەکە بداتەوە.

لەسەر هەمان بابەت، سبەینێ هەینی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کۆبونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ راوێژکارەکانی ئاسایشی نیشتیمانی ئەنجامدەدات. 


هەڵوێستی روسیا

لەبارەی هەڵوێستی روسیاشەوە، سەرەڕای ئیدانەکردنی هێرشەکان، سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاند هێزی بەرگری ئاسمانی سعودیە بۆشایی تێدایە و ئەمریکا ناتوانێت بە سیستمی پاتریۆت بەرگری لەئاسایشی خاکی سعودیە بکات.

لەدواین بانگەوازیشدا، وەزیری دەرەوەی روسیا، داوای لەوڵاتانی ناوچەکە کردوە دەست بەدیالۆگی هاوبەش بکەن لەپێناوی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.

فەرەنسا و نەتەوە یەکگرتوەکان لێکۆڵینەوە دەکەن
هەریەک لەفەرنسا و نەتەوە یەکگرتوەکانیش بڕیاریانداوە تیمی تایبەتی خۆیان بۆ لێکۆڵینەوە لەهێرشەکانی ئەمدواییەی سەر کۆمپانیای ئارامکۆ رەوانەی سعودیە بکەن. 

لەبارەی هەڵوێستی فەرەنسا بۆ راگەیاندنی بەرپرسیارێتی هێرشەکان لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە، ژان ئادریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاندوە، راگەیاندنی بەرپرسیارێتی هێرشەکانی سەر ئارامکۆ لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە هیچ بنەمایەکی نیە. ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ رەتکردنەوەی هەڵوێستی ئەو گروپە و پشتیوانیکردنی بۆچونی ئەمریکا و سعودیە لەوبارەیەوە. 

فەرەنسا جەختیشی کردۆتەوە لەهەوڵە دپلۆماسییەکانی بەردەوامدەبێت بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و راکێشانەی هەمو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆسەر مێزی گفتوگۆ. 

دواین هەڵوێستی ئێران
لەبەرامبەر جموجوڵەکانی ئەمریکا و سعودیە لەناوچەکە و بانگەشەکانیان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی محمد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هەر پەلامارێکی سەربازی بۆ سەر ئێران جەنگی هەموانی لێدەکەوێتەوە. 

لەوبارەیەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندوە، ئەوان شەڕیان ناوێت و ناشیانەوێت لەهیچ وڵاتێک روبەرو ببنەوە، بەڵام لەئەگەری هەر هێرشێکدا بەبێ چاو تروکاندن بەرگری لەخاکەکەیان دەکەن. 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP