دادگای ئەوروپا دۆسیەكەی دێمیرتاش تاوتوێدەكات

- 9/18/2019 10:02:00 PM 1473 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پارێزەرانی هاوسەرۆكی پێشوی پارتی دیموكراتی گەلان، كە لە ئێستادا لە توركیا لە زینداندایە، دۆسیەكەیان خستە بەردەستی دادگای ئەوروپا بۆ مافی مرۆڤ، دادگاش دۆسیەكەی وەرگرتوە و تاوتوێی دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای ئەوروپی بۆ مافەكانی مرۆڤ دۆسیەكەی سەڵاحەددین دێمیرتاشی لە پارێزەرەكانی وەرگرت، كە بڕیارە لەماوەی چەند هەفتەی داهاتودا ئەنجامی كارەكانیان لەوبارەیەوە بخەنەڕو.

بڕیار وایە لە مانگی كانونی دوەمی ساڵی داهاتواد دادگاییكردنی دێمیرتاش دەستپێبكاتەوە

داداگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ، هەر ئەمرۆ رایگەیاند، پێداچونەوە بۆ دۆسیەكەی سەڵاحەدین دێمیرتاش تاوتوێدەكەن و لە مانگی داهاتودا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەخەنەڕو، لەكاتێكدا بڕیار وایە لە مانگی كانونی دوەمی ساڵی داهاتواد دادگاییكردنی دێمیرتاش دەستپێبكاتەوە.

بینان مەولود، یەكێك لە پارێزەرەكانی دەمیرتاش لەوبارەیەوە رایگەیاند "راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2015 كە پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) تێیدا بە بەدەستهێنانی لەسەدا 13ی دەنگەكان سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێنا، تۆمەتی تێرۆر خرایە پاڵ دێمیرتاش".

ئاماژەی بەوەشكرد "دەڵێن دێمیرتاش سەرجەم زانیاریەكانی لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)وە وەرگرتوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەك نیە بیسەلمێنێت كە دێمیرتاش رێكخراوێكی تێرۆریستی بەڕێوەبردوە".

دادگای توركیا بڕیاریداوە بە شێوەیەكی كاتی دێمیرتاش ئازادبكات

رەمەزان دێمیر، پارێزەرێكی دیكەی دێمیرتاش وتی "دادگای توركیا لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا بڕیاریداوە لە چوارچێوەی دادگاییكردنە سەرەكیەكەیدا بە شێوەیەكی كاتی دێمیرتاش ئازادبكات، بەڵام تا ئێستا رێكەوتی ئازادكردنی لە زیندانی ئێدیرنێ رانەگەیەندراوە و دیارنیە".

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشوی پارتی دیموكراتی گەلان ساڵی 2016 بەتۆمەتی ئەندام بون و ئەنجامدانی پڕوپاگەندە بۆ پەكەكەو كەجەكە، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە لە ماڵەكەی خۆیدا لە پارێزگای ئامەد دەستگیركرا.

پێشتریش لە 20 ئایاری 2016 پارێزبه‌ندی یاسایی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په‌ لابراو دوای تێپه‌ڕبونی هه‌شت مانگ،  دۆسیه‌ له‌ دژی ده‌میرتاش ئاماده‌كراو31 سكاڵا توماركراون له‌سه‌ر 31 لێدوان و وتاری‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌.

له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكایه‌تی داواكاری  گشتی ئامه‌د و به‌بڕیاری دادگای ئه‌و شاره‌، چوار-ی‌ تشرینی دوه‌می 2016  سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش ده‌ستگیركرا و هه‌مان ڕۆژ فیگێن یوكسێكداغ هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ له‌گه‌ڵ 10 په‌ڕله‌مانتاری دیكە ده‌ستگیركران.

دۆسیه‌كانی‌ ده‌میرتاش له‌501 لاپه‌ڕه‌ پێكدێت و داوای 142 ساڵ زیندانی بۆ كراوه‌، له‌ رۆژی‌ ده‌ستگیركردنیه‌وه‌  تائێستا له‌ زیندانی‌ ئێدیرنێ به‌ندكراوه‌.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP