بەرپرسێکی ئەمریکی: هێرشەکەی سەر سعودیە لە ئێرانەوە ئەنجامدراوە

- 9/18/2019 12:10:00 PM 2143 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

بەرپرسێکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکەی سەر کێڵگە نەوتیەکانی سعودیە "لە باشوری رۆژئاوای ئێرانەوە ئەنجامدراوە"، ئەو دەرئەنجامەش گرژسی و ئاڵۆزیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەکات.
ئەمریکا لەو باوەڕەدایە هێرشەکەی سەر کێڵگە نەوتیەکانی سعودیە لە باشوری رۆژئاوای ئێرانەوە ئەنجامدراوە

 

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە سێ بەرپرسی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کە نەیانویستوە ناویان ئاشکرابکرێت رایانگەیاندوە، "ئەمریکا لەو باوەڕەدایە هێرشەکەی سەر کێڵگە نەوتیەکانی سعودیە لە باشوری رۆژئاوای ئێرانەوە ئەنجامدراوە، ئەم دەئەنجامەش دەبێتە هۆی زیادبونی گرژیی وئاڵۆزیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،.
ئەو هێرشانە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکەوە ئەنجامدراون

 

ئەو سێ بەرپرسە ئاماژەیان بەوەکردوە، "ئەو هێرشانە بەهۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکەوە ئەنجامدراون، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە لە داهاتودا رەوشەکە زۆر ئاڵۆزتر دەبێت لەوەی کە لەسەرەتاوە دەرکەوتوە".
14ی ئەیلول، له‌ رێگای فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ هێرش كرایه‌ سه‌ر دو کارگەی ئارامكۆ لە سعودیە

 

شەممەی رابردو 14ی ئەیلول، له‌ رێگای فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ هێرش كرایه‌ سه‌ر دو کارگەی ئارامكۆ لە سعودیە، بەرپرسانی ئەمریکاو سعودیەش بەرپرسیارێتی ئەو هێرشە دەخەنە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی ئێران.

رۆژی رابردوش تەلەفزیۆنی سعودیە رایگەیاند، رۆژی ئەمڕۆ چواشەممە سعودیە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەو بەڵگانە دەخاتەڕو، کە هێرشەکە بە چەکی ئێرانی ئەنجامدراوە.

دوێنێش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکان رایگەیاندبو، "ئێران بەرپرسە لە هێرشەکەی سەر دامەزراوە نەوتیەکانی سعودیە، بەڵام هێشتا دەمەوێت بە تەواوەتی دڵنیا ببمەوە لەبارەی ئەوەی کێ لە پشت هێرشەکەوە بوە"، بەڵام ئێران رەتیدەکاتەوە کە لە پشت هێرشەکانەوە بوبێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP