بەپەلە

نەوەی نوێ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

- 9/17/2019 10:57:00 PM 5686 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -   

جوڵانەوەی نەوەی نوێ راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت،"هاوکاتى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لەعێراقدا، دەرفەتێکى گونجاوە هەمان هەڵبژاردن لەپارێزگاکانى هەرێمى کوردستانیشدا ئەنجام بدرێت و حکومەتى خۆجێى پارێزگاکان نوێبکرێنەوە".

لە راگەیەندراوێكدا جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند،"لەساڵى 2005ەوە تائێستا، لەوادەى خۆیدا، لەسەرجەم پارێزگاکانى عێراق هەڵبژاردن ئەنجامدراوە و بۆ هەمو خولێک حکومەتى خۆجێى پارێزگاکان نوێکراوەتەوە، بەڵام لەهەرێمى کوردستان تەنها دوجار هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان ئەنجامدراوە و ئێستاش پارتیی و یەکێتیی لە ترسی هەڵبژاردن و چونەوە بەردەم خەڵک جارێکى تر هەڵبژاردنەکەیان بۆ وادەیەکى نادیار دواخستوە و یاساى ئەنجومەنەکەشیان لەبەرژەوەندیى خۆیان و بۆ دانانى کەسانى حیزبیى بەپارێزگارى شارەکان هەموارکردەوە".
کۆتایى بەناشەرعیبونى وادەى مانەوەى ئەنجومەنى ئێستاو پارێزگارەکان بهێنن

 

نەوەی نوێ داوا دەكات، "لەگەڵ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لەعێراقدا، هەمان هەڵبژاردن لەپارێزگاکانى هەرێمى کوردستانیشدا ئەنجامبدرێت و حکومەتى خۆجێى پارێزگاکان نوێبکرێنەوە و هاوکارى خەڵک بن لەپێشکەشکردنى باشتریین خزمەتگوزارییدا و کۆتایى بەناشەرعیبونى وادەى مانەوەى ئەنجومەنى ئێستاو پارێزگارەکان بهێنن".

دەقی راگەیەندراوەكە:

راگەیەنراوێک لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ - وە

لەگەڵ خراپى دۆخى ئەمنیى لەساڵى 2005ەوە تائێستا، هەموو چوار ساڵ جارێک و لەوادەى خۆیدا، لەسەرجەم پارێزگاکانى عێراق جگە لەهەرێمى کوردستان هەڵبژاردن ئەنجامدراوە و بۆ هەموو خولێک حکومەتى خۆجێى پارێزگاکان نوێکراوەتەوە، بەڵام لەو وادەیەوە تائێستا لەهەرێمى کوردستان تەنها دووجار هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان ئەنجامدراوە و ئێستاش پارتیی و یەکێتیی لە ترسی هەڵبژاردن و چوونەوە بەردەم خەڵک جارێکى تر هەڵبژاردنەکەیان بۆ وادەیەکى نادیار دواخستووە و یاساى ئەنجومەنەکەشیان لەبەرژەوەندیى خۆیان و بۆ دانانى کەسانى حیزبیى بەپارێزگارى شارەکان هەمووار کردەوە.

جوڵانەوەى نەوەى نوێ پێیوایە هاوکاتى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لەعێراقدا، دەرفەتێکى گونجاوە هەمان هەڵبژاردن لەپارێزگاکانى هەرێمى کوردستانیشدا ئەنجام بدرێت و حکومەتى خۆجێى پارێزگاکان نوێبکرێنەوە و هاوکارى خەڵک بن لەپێشکەشکردنى باشتریین خزمەتگوزارییدا و کۆتایى بەناشەرعییبوونى وادەى مانەوەى ئەنجومەنى ئێستاو پارێزگارەکان بهێنن.

جوڵانەوەى نەوەى نوێ داوا دەکات هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانی عێراقدا، هەمان هەڵبژاردن لە هەرێم ئەنجام بدرێت و رێگەش بدرێت کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێڕاق سەرپەرشتیى هەڵبژاردنەکە بکات، بەمەش تێچووى هەڵبژاردنەکان دەکەوێتە ئەستۆى حکومەتى عێراق و دەرفەت نامێنێت حکومەتی هەرێمى کوردستان بەبیانووى هەبوونى قەیرانى دارایى باس لە بودجەی پێویست بۆ هەڵبژاردنەکان بکات و یاریى بەدەنگ و چارەنووس و ئیرادەى خەڵکەوە بکات.

جگە لەوەش پێمانوایە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لەگەڵ پارێزگاکانى ترى عێراقدا، کێشەى پێکهێنانى ئەنجومەنى پارێزگاى هەڵەبجەش چارەسەر دەکات و چیدى خەڵکى خۆشەویستى پارێزگاى هەڵەبجە لەچاوەڕوانیى پێکنەهاتن و رازى نەبوونى پارتیى و یەکێتییدا نابن بۆ ئەوەى پارێزگاکەیان ببێتە خاوەنى حکومەتى خۆجێى خۆیى و دەستبکات بەکارکردن بۆ ئاوەدانکردنەوەى پارێزگاکە و بەوەش رۆحى شەهیدانى ئەو پارێزگایە ئاسوودە بکات.

جوڵانەوەى نەوەى نوێ ٢٠١٩/٩/١٧



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP