بەپەلە

ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكانی ئیسرائیل؛ پارتەكەی نەتانیاهۆ لە پلەی دوەمدایە

- 9/17/2019 10:50:00 PM 2630 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لەگەڵ داخستنی سنودوقەكانی هەڵبژاردن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیلدا، ئەنجامە بەراییەكان راگەیەندرا و بەوپێیە هاوپەیمانی شین و سپی لە پێشەنگدایە و پارتەكەی نەتانیاهۆ پلەی دوەمی هەیە .

جیاوازی نێوانیان یەك كورسی پەرلەمانە

بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنەكانی ئیسرائیل، هاوپەیمانی شین  وسپی بە سەرۆكایەتی بێنی گانتس، تا ئێستا 34 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە و بەو ژمارەیەش لە پلەی یەكەمدایە، هاوكات پارتی لیكود، بە سەرۆكایەتی بینیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بە 33 كورسی لە پلەی دوەمدایە.

لەسەدا 63ی خەڵك بەشداریان لە هەڵبژاردنەكاندا كردوە 

راگەیاندنەكانی ئیسرائیل بڵاویانكردوەتەوە، لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكەدا، نزیكەی لەسەدا 63ی خەڵك بەشداریان لە هەڵبژاردنەكاندا كردوە و لیستی هاوپەیامنی عەرەبی لەو هەلبژاردنەدا 13 كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، بە مەبەستی هەلبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل (كنێست) و دیاریكردنی حكومەتی نوێی ئەو وڵاتە، ئیسرائیلیەكان رویان لە سندوقەكانی دەنگدان كرد و دواتر و پاش داخستنی سندوقەكان، هەنگاو بە هەنگاو دەرەنجامەكان رادەگەیەنرێت.

هەر لەمساڵدا و لە رێكەوتی 12ی نیسان، هەڵبژاردنی پەرلەمان و حكومەتی ئیسرائیل ئەنجامدرا و تێیدا پارتی (لیكود) بە سەرۆكایەتی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئێستای ئیسرائیل بەبەدەستهێنانی 36 كورسی سەركەوتنی بەدەستهێنا.

دواتر و بەهۆی ئەوەی نەتانیاهۆ بەهۆی ئەو سیاسەتەی لە ئێستادا پەیڕەوی دەكات نەیتوانی لە ماوەی دیاریكراودا هاوپەیمانیەك بۆ پێكهێنانی حكومەت پێكبهێنێت، ئەنجامی هەلبژاردنەكە هەڵوەشێندرایەوە و بڕیاردرا بە سەرلەنوێ ئەنجادانی هەلبژاردن.

ئیسرائیل لەسەر سیستەمێكی حكومڕانی دەبرێت بەڕێوە، كە پەرلەمانەكەی بە "کنێسیت" ناسراوە، ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە 120 ئەندامە و زۆرینەی بڕیارەكانی تایبەت بە وڵاتەكە لەوێوە دەردەچێت.


نیشانەکردن :

#ئیسرائیل

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP