بەرپرسێكی بانكی ناوەندی عێراق زانیاری لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە دەدات

- 9/16/2019 10:44:00 PM 80083 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەرپرسێكی بانكی ناوەندی عێراق لە هەولێر رایگەیاندوە، بەمنزیكانە بڕی پارەی موچەی فەرمانبەران دەگاتە هەرێمی كوردستان.

عابد مزوری، بەڕێوەبەری لقی ھەولێری بانکی ناوەندیی عێراق بە میدیاکانی نزیک لە پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندوە:"تاوەكو ئەمڕۆ فەرمانی خەرجكردنی پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە بۆمان نەهاتوە، بەڵام پارەكە بەم نزیكانە دێت". 

ئاماژەی بەوەشکردوە:"لەگەڵ وەزارەتی دارایی و بانكی ناوەندی عێراق لەسەر هڵێن بۆ ئەوەی فەرمانی تەمویلی پارەكە زوتر رەوانە بكرێت". 

عابد مزوری فەرمانبەرانی دڵنیاكردەوە، کە لقی هەولێری بانكی ناوەندی پارەی پێویستی لەبەر دەستە و هیچ كێشەیەكی نییە، وتیشی:"تەنها فەرمانەكەمان بۆ بێت، راستەوخۆ پارەكە دەدرێتە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ تەواوكردنی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران". 

وەزارەتی دارایی و ئابوری لەمساڵدا هەشت موچەی فەرمانبەرانی دابەشکردوە، سێ موچەیان هی مانگەکانی 10، 11 و 12ی ساڵی رابردو بو، کە بەهۆی "قەیرانی دارایی"یەوە نەدرابو، هەروەها پێنج موچەی ئەمساڵیش دابەشکراوە.

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچە پشتبە دو سەرچاوەی دارایی دەبەستێت، یەکەمیان، فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بەشێوەی سەربەخۆ، دوەمیان ناردنی پشکی هەرێمی کوردستانە لە بەغداوە کە مانگانە 522 ملیار دینارە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP