هەواڵی ئەمڕۆ

پۆمپیۆ: خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتییەکانی سعودیە بەکارنەهێنراوە

- 9/16/2019 10:25:00 PM 1282 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
مایك پۆمپیۆی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگەیاند، له‌ هێرشی سه‌ر دامەزراوەکانی كۆمپانیای ئارامكۆ لەسعودیە، خاكی عێراق به‌كارنه‌هێنراوه‌.

نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تیی وه‌زیرانی عێراق، راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و مایك پۆمپیۆی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا،  بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا هاتوە، عه‌بدولمه‌هدی و پۆمپیۆ له‌ پاڵ تاوتوێکردنی په‌یوه‌ندییه‌ دوقۆڵییه‌كانیاندا، تاوتوێی هێرشی سه‌ر دامەزراوه‌كانی ئارامكۆیشیان كردوه‌.

به‌پێی به‌ڵگه‌كانی به‌رده‌ستمان خاكی عێراق بۆ هێرشی سه‌ر دامەزراوه‌كانی ئارامكۆ به‌كارنه‌هێنراوه‌

لەوبارەیەوە، پۆمپیۆ رایگه‌یاندوه‌، " به‌پێی به‌ڵگه‌كانی به‌رده‌ستیان، رونكردنه‌وه‌كه‌ی حكومه‌تی عێراق پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ رایگه‌یاندوە، خاكی عێراق بۆ هێرشی سه‌ر دامەزراوه‌كانی ئارامكۆ به‌كارنه‌هێنراوه‌".

پێشتر حكومه‌تی عێراق ده‌نگۆی به‌كارهێنانی خاكی عێراقی له‌ ئه‌نجامدانی هێرشه‌كانی سعودیه‌دا ره‌تكردبوه‌وه‌.

رۆژی شه‌ممه‌ی رابردو له‌رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ هێرش كرایه‌ سه‌ر دو وێستگه‌ی نه‌وتی كۆمپانیای ئارامكۆ و له‌ ئه‌نجامدا ئاگر له‌ وێستگه‌كان كه‌وته‌وه‌.

هێرشه‌كان زیانی گیانی به‌دواوه‌ نه‌بو و هەرچەندە حکومەتی سعودیە راستەوخۆ هیچ لایه‌نێكی  بەبەرپرسیاری هێرشەکان نەزانی، بەڵام حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن نوسراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌ و رایانگه‌یاند کە له‌ رێگه‌ی 10 درۆنه‌وه‌ هێرشێكیان له‌ سعودیه‌ ئه‌نجامداوه‌.

حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن كه‌ ئێران پشتگیرییان ده‌كات، به‌م دواییه‌ چه‌ندین هێرشی موشه‌كییان بۆسه‌ر سعوودیه‌ ئه‌نجامداوه‌ و له‌لایه‌ن سیستمی به‌رگریی ئاسمانیی سعوودیه‌وه‌ رێگرییان لێكراوه‌، هاوكات جار جاره‌ش له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ هێرشیان ئه‌نجامداوه‌.

ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ یه‌مه‌ن شه‌ڕ له‌ نێوان حووسییه‌كان و هێزه‌كانی سوپای حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌دا كه‌ سعوودیه‌ و ئیمارات پشتگیریی ده‌كەن، به‌رده‌وامه‌.


نیشانەکردن :

#سعودیە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP