کونسوڵی ئێران لە هەولێر لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە کۆبوەوە

- 9/16/2019 1:33:00 PM 752 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

كونسوڵی نوێی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ هه‌ولێر، سه‌ردانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی كرد و له ‌دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، جه‌خت له‌سه‌ر پته‌وكردنی زیاتری په‌یوه‌ندیه‌كان و هه‌ماهه‌نگیه‌ هاوبه‌شه‌كان كرایه‌وه‌‌.

بە مەبەستی پیرۆزبایی و په‌ره‌دان به‌ هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان، شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازیی كرد لە نه‌سرولله زارع رەشنودی، کۆنسوڵی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و شاندی یاوەری.

لە دیدارەکەدا وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به‌سه‌ردانی كونسڵی گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، هیواشی خواست په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حکومەتی هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر و به‌رده‌وامی پێبدرێت.

لای خۆیەوە، کۆنسوڵی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر پیرۆزبایی لە شۆڕش ئیسماعیل کرد، بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەکو وه‌زیری كاروباری پێشمه‌رگه‌ و هیوای خواست له‌و ئه‌ركه‌ تازه‌ی سه‌ركه‌وتوو بێت، هاوكات جەختی لەسه‌ر پاڵپشتی و پشتگیری وڵاته‌كه‌ی كرده‌وه‌ له ‌بواری پەرەپێدان و هه‌ماهه‌نگی زیاتر لەسەر ئاسته‌كانی ئابووری و کلتووری و فەرهەنگی.

له ‌ته‌وه‌رێكی دیکەی دیداره‌كه‌دا ره‌شنوودی رایگەیاند،  هەروەک لە رابردوو کۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە هاوکارو هەماهەنگ بووەو لە رۆژە ناخۆشەکاندا پشت و پەنای خەڵکی هەرێمی کوردستان بووە، لە ئێستاو داهاتووشدا هەمیشە هاوکارو هەماهەنگ دەبن، هاوکات ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ هاوكاریكردنی هه‌رێمی كوردستان له ‌بواره‌ جیاوازه‌كاندا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP