ئەمڕۆ و سبەی موچەی ئەم شوێنانە دابەشدەکرێت

- 9/16/2019 11:47:00 AM 106255 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەمرۆ و سبەی موچەی دو وەزارەت و توێژ دابەشدەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە بە خەندان-ی راگەیاند،"ئەمڕۆ دوشەممە وەزارەتی کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان موچە وەردەگرن و سبەی سێ شەممە، وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی موچە وەردەگرن و بڕیاریشە تا 25 ی ئەم مانگە موچەی سەرجەم موچە خۆرانی حكومەتی هەرێم دابەشبكرێت".

سەرچاوەكەی خەندان راشیگەیاند،"هەر ئەمڕۆ موچەی کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و سبەی موچەی خاوەن پێداویستیە تایبەتیەکان دابەش دەکرێت".

وەزارەتی دارایی و ئابوری لەمساڵدا هەشت موچەی فەرمانبەرانی دابەشکردوە، سێ موچەیان هی مانگەکانی 10، 11 و 12ی ساڵی رابردو بو، کە بەهۆی "قەیرانی دارایی"یەوە نەدرابو، هەروەها پێنج موچەی ئەمساڵیش دابەشکراوە.

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچە پشتبە دو سەرچاوەی دارایی دەبەستێت، یەکەمیان، فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بەشێوەی سەربەخۆ، دوەمیان ناردنی پشکی هەرێمی کوردستانە لە بەغداوە کە مانگانە 522 ملیار دینارە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP