فرسەت سۆفى وەک پارێزگارى نوێى هەولێر سوێندى یاسایى خوارد

- 9/16/2019 11:22:00 AM 1643 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دواى دەرچوونى فەرمانى هەرێمى بۆ دەستبەکاربوونى پارێزگارى نوێى هەولێر، سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ دوششەممە 16/9/2019 لە ڕێوڕەسمێکدا لەبەردەم نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، فرسەت سۆفى وەک پارێزگارى نوێى هەولێر سوێندى یاسایى خوارد.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیرى ناوخۆ ئامادە بو، نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى دەستبەکاربونى لە فرسەت سۆفى کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست، هەروەها سوپاس و پێزانینى خۆى بۆ کار و خزمەتەکانى نەوزاد هادى، پارێزگارى پێشووى هەولێر دەربڕى.

ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رێکەوتی 12ی ئەم مانگە کۆبوەوە، بە دەنگی 27 ئەندامی ئەنجومەن فرسەت سۆفی بە پارێزگاری پارێزگاکە هەڵبژارد، ناوبراو  لە دایکبوی ساڵی 1978ەو لە چۆمان، دکتۆرای لە یاسای نێودەوڵەتی هەیە و مامۆستا بوە لە زانکۆی سەڵاحەدین و دوای ئەوەی وادەی پەرلەمانتاری لە خولی رابردودا لە پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هات گەڕایەوە سەر کارەکەی.

رێکەوتی 10ی ئەم مانگە، نەوزاد هادی پارێزگاری پێشوی هه‌ولێر هەواڵی لادانی له‌ پۆسته‌كه‌ی و ده‌ستبه‌كاربونی پارێزگاری نوێ له‌بری خۆی ڕه‌تکردەوە و رایگەیاند، دەستی لەكارنەكێشاوەتەوە و تا ئێستاش هیچ شتێكی فەرمیش نییە بۆ لادانی، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێکی کەم لەو لێدوانە و دوای زیاتر لە 15 ساڵ نه‌وزاد هادی،  ماڵئاوایی له‌ به‌رپرسانی یه‌كه‌ ئیداریه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر كرد.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP