سەرۆک کۆمار: کار لەسەر ئەو یاسایانە دەکەین کە گرنگن بۆ بنیادنانی دەوڵەت

- 9/15/2019 10:06:00 PM 743 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆک کۆمار دوپاتی کردەوە ئامادەکردنی پرۆژە یاسایەک بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی لەو هەوڵە زۆرو زەوەندانە سەرچاوەی گرتوە کە لە ئاستە جیاوازەکانی کۆمەڵی مەدەنی و لایەنەکانی تردا دراوە.

لە کۆبونەوەیەکی فراواندا کە ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا بەرێوەچو لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و نوێنەرانی پەیوەندیدار لە ئەنجومەنی وەزیران و لیژنەی داکۆکی لە مافەکانی ژنان و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پسپۆڕانی کاروباری ژنان و خێزان لە وتەیەکدا سەرۆک بەرهەم بە بۆنەی تەواوکردن و ناردنی پرۆژە یاسای توندوتیژی دژ بە خێزان رایگەیاند: ئامانج لە پرۆژە یاساکە بریتییە لە پاراستنی خێزان لە توندوتیژی کە ئەو بەرپرسیاریەتییە دەکەوێتە سەرشانی هەر تاکێک لە تەکەکانی خێزان لە بەرامبەر یەکتردا، بە تایبەتریش پاراستنی ژنان و کچان و منداڵ لە چوارچێوەی خێزاندا، چونکە هەر ئازاردانێک دژ بە پێودانگی کۆمەڵایەتی و ئاینییە.

سەرۆک بەرھەم ئاماژەی بەوەکرد پرۆژە یاساکە، توندوتیژی خێزانی وەک تاوانێک دەناسێنێت ھەربەو یاسایەش کەسی سەرپێچیکار سزا دەدرێت، جگە لەوەش پرۆژە یاساکە تەواوی یاساکانی پێشوتر ھەڵدەوەشێنێتەوە، ھاوکات لیژنەیەکی باڵاش بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بە سەرۆکایەتی وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی پێکدەھێنرێت کە کارەکانی بریتی دەبێت لە داڕشتنی پەیڕەوێک بۆ کاری لیژنەکە بەمەستی پارێزگاریکردن لە ھەر توندوتیژەیەکی خێزانی.

ھەر لەکۆبونەوەکەدا سەرۆک بەرھەم ڕایگەیاند، لە پڕۆژە یاساکەدا هاتوە کە بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی لە وەزارەتی ناوخۆ پێکدەهێنرێت بەناونیشانی (بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی خێزان) کە ئەرکەکەی بریتی دەبێت لە بەدواداچون و لیکۆڵینەوە لەو سکاڵایانەی کە لەسەر توندوتیژی خێزانی دەکرێت، هاوکات دادگایەکی تایبەت بەخێزان لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەری پێکدەهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانی توندوتیژی خێزانی.
ھیوامان زۆر بە دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیە کە بەرەو سەرخستنی مافەکانی ژنانی عێراقی ھەنگاو بنێت، ھاوکات ھەوڵەکانی سەرۆک کۆماریشی لە پشتیوانی پرۆژەکەدا بەرزنرخاند

 

لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا سەرۆک بەرھەم، ئاماژەی بەوەکرد وڵات بە دۆخێکی سەختدا تێپەڕی، کە بەرەنگاربونەوەی تیرۆرو توندڕەوی و سستەم لە پێشنینەی کارەکان بوو جگە لەوەش کارمانکرد بۆ رەخساندنی کەشێکی لەباری سیاسی تاکو لێکتێگەیشتنێکی دەستوری لەنێو لایەنەکان بێتە کایەوە.

سەرۆک کۆمار راشیگەیاند، لەبەردەم قۆناغێکی نوێداین بۆ بونیادنانی دەوڵەت و فەراھەمکردنی سەرچاوە خێروبێرەکانی بۆ خزمەتی ھاووڵاتیان و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردەی و فێرکردن و گەشەپێدانی مافە ڕەواکانی ھاوڵاتیان تەئکیدیشی کردەوە پارێزگاریکردن لەو مافانە بەگوێرەی دەستور لە پێشینەی کارەکانمان دەبێت لە سەرکردایەتی کردنی ئەم وڵاتەدا.

لەلای خۆیەوە سەرۆکی لیژنەی باڵای ھەمیشەیی بۆ مافەکانی ژنان دکتۆرە زکری عەلوش دوپاتی کردەوە کە ئەم پڕۆژەیە تەنھا بۆ ژنان نییە، بەڵکو تەواوی ئەندامانی خێزان دەگرێتەوە، ھەروەھا رایگەیاند کە ھیوامان زۆر بە دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیە کە بەرەو سەرخستنی مافەکانی ژنانی عێراقی ھەنگاو بنێت، ھاوکات ھەوڵەکانی سەرۆک کۆماریشی لە پشتیوانی پرۆژەکەدا بەرزنرخاند.

ھەروەھا ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران حەنان فەتلاوی دوپاتیکردەوە کە پڕۆژە یاساکە پێچەوانەی بنەماکانی شەریعەت نییە، ھەروەھا ڕێزی لە پێگەی ژنان لە کۆمەڵگەدا دەگرێت و ڕۆڵی سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆک کۆماریشی لە ئامادەکردنی ئەو پڕۆژەکە یاسا و پشتیوانی بەردەوامی بۆ پرسی ژنان بەرزنرخاند.  

یاسایەکە دڵخۆشکەرە جێگەی ئومێدی ھەمووانە و ھەوڵەکانی سەرۆک کۆمار و تیمی سەرۆکایەتی کۆماریشی لە ئامادەکردنی ئەم پڕۆژە یاسایەدا بەرزنرخاند

 

سەرۆکی کۆمەڵەی پەرلەمانتارانی ژنانی عێراقیش ئاڵا تاڵەبانی باسی لە تەواوکردنی پرۆژە یاساکە کرد و ڕایگەیاند، کە یاسایەکە دڵخۆشکەرە جێگەی ئومێدی ھەمووانە و ھەوڵەکانی سەرۆک کۆمار و تیمی سەرۆکایەتی کۆماریشی لە ئامادەکردنی ئەم پڕۆژە یاسایەدا بەرزنرخاند.

لەلای خۆیەوە سەرۆکی لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵان لە پەرلەمان ھەیفا ئەمین ڕایگەیاند کە دیاردەی توندوتیژی خێزانی ئاستەنگێکە لە بەردەم یەکگرتویی و سازانی خێزاندا، چونکە خێزان کۆڵەکەی سەرەکییە لەکۆمەڵگەدا، ھاوکات ڕۆڵی سەرۆک کۆماری بەرزنرخاند بۆ ئەو مەبەستە.

لە کۆتایدا سەرۆک بەرھەم دوپاتیکردەوە کە دیالۆگ و گفتوگۆیەکی زۆر لە بارەی دامەزراندنی وەزارەت یان ئەنجومەنێکی باڵای ژنانەوە کرا، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەزمونی وەزارەتی ژنان سەرکەوتو نەبو، بۆ داکۆکی کردن لە مافی ژنان، چونکە ئەم پرسە پێویستی بە ھەوڵێکی گشگیری کۆمەڵگە و حکومەت ھەیە، ڕاشیگەیاند کە لە دەرئەنجامی ڕاوێژکردندا گەیشتینە بیرۆکەیەک ئەویش داڕشتنی یاسایەکە بۆ وەزارەتی ژنان و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی کە پێویستی بە پێکھێنانی ئەنجومەنێکی نیشتمانییە بۆ ژنان لە سەر ئاستی دەوڵەت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP