بەپەلە

وەزارەتی دەرەوەی سوریا بەیاننامەیەكی دژی هەسەدە بڵاوكردەوە

- 9/15/2019 5:32:00 PM 11030 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی دەرەوە و كۆچبەرانی سوریا، سەبارەت بە پێشهاتەكانی ئەمدواییەی ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی فورات و دژ بە سیاسەت و هەنگاوەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوە و كۆچبەرانی سوریادا هاتوە "هەنگاو و سیاسەتی شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات سیاسەتی راگواستن و ئەنجامدانی تاوانە بەرامبەر بە گەلی سوریا، كە ئەو سیاسەتانە هاوئاهەنگە لەگەڵ پڕۆژەی هەندێك لەو وڵاتانەی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتوەكاندان و دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل نەخشەیان بۆ كێشاوە.

پڕۆژەی هەندێك لەو وڵاتانە جێبەجێدەكەن كە هاوپەیمانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و داگیركاریەكانی ئیسرائیلن

لە پەیامێكیشدا بۆ هەریەك لە ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان و سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، وەزارەتی دەرەوەی سوریا رایگەیاندوە، "ئەو هێزە چەكادارانەی لە دەرەوەی هێزە سەربازیە فەرمیەكانی سوریادان و ناویان (هەسەدە)یە، كە لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی سوریادا بە (تێرۆریست) ناوبراون، لە ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی فورات پڕۆژەی هەندێك لەو وڵاتانە جێبەجێدەكەن كە هاوپەیمانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و داگیركاریەكانی ئیسرائیلن".

ئاماژە بەوەشكراوە، هێزەكانی شەڕڤانان لە سوریا، لە لایەن ویلایەتە یەكگرتوەكان و هاوپەیمانانیەوە پاڵپشتی سەربازی و لۆجیستی و ماددی و سیاسیان پێدەگات و بەپێی ئامانجەكانی ئەو  وڵاتانە هەنگاودەنێن، ئەوەش لەگەڵ بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا ناگونجێت كە هەمیشە دوپاتیدەكاتەوە لەگەڵ یەكپارچەیی و سەروەری خاكی سوریادایە و دانیناوە بە مافی سەربەخۆیی ئەو وڵاتە و مێژوی گەلەكەی و شارستانیەتەكەی نرخێندراوە، پێشتریش و لە ئێستاشدا سوریا رایگەیاندوە هەمو پرۆژەیەكی دابەشبون  وجیابونەوە لەو خاكە رەتدەكاتەوە.

قەڵەمەكانیان بە یەك پیت نەجوڵا بەرامبەر ئەو تاوانانەی لە ئیدلیب و حەلەب و باكور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدراوە

هەر لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی دەرەوەی سوریا دەڵێت "پێشتریش و تا ئێستاش بە شێوەیەكی بەردەوام، هێزەكانی سوریای دیموكرات بەردەوامن لەسەر سیاسەتی راگواستن و دەركردنی هاوڵاتیە سوریەكان لە ماڵەكانی خۆیان و دسەتگرتن بەسەر ماڵەكانیاندا، دواتریش بەپێی نەخشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل لەو ناوچانەدا رێدەكەن، كە پێشتریش چەندین گیانی بێتاوان بەدەستی ئەو (میلیشیلیایانە) كوژراون بەڵام هەندێك لەو وڵاتانەی كە پێیان دەوترێت هەڵمەتی قەڵەم و ئەندامن لە ئەنجومەنی ئاسایش، بەڵام قەڵەمەكانیان بە یەك پیت نەجوڵا بەرامبەر ئەو تاوانانەی لە ئیدلیب و حەلەب و باكور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدراوە".

رونیشیكردوەتەوە، "ئەو هەنگاوانەی هەسەدە لەكاتێكدایە هێزەكانی سوپای سوریا زۆر شەرەفمەندانە و بەوپەڕی ئەمەكداریەوە كە رۆڵەكانی گەلی سوریا شانازی پێوەدەكەن، بەردەوامە لە روبەڕوبونەوەی رێكخراوی بەرەی نەسرە و پاشماوەكانی رێكخراوی چەكداری داعش و قاعیدە لە پارێزگای ئیدلیب، كە هەندێك لە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایش تا ئێستاش لەو ناوچەیە بەرامبەر سوپای سوریا دەوەستنەوە.

دەوڵەتانی هەماهەنگ و هاوپەیمانی سوریاش پشتیوانن بۆ پارێزگاریكردن لە بست بە بستی خاكەكە

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا، وەزارەتی دەرەوەی سوریا ئاماژەی بەوەكردوە "حكومەت و هیزەكانی سوپای سوریا بە هەمو شێوەیەك و وەكو هەمیشە دژ بە هەمو جۆرە جیابونەوەیەك و پارچەكردنی خاكەكەیانن، بەردەوامیش دەبن لە روبەڕوبونەوەی سەرجەم ئەو لایەنانەی بەئاڕاستەی بەشكردنی خاكی سوریا ئاژۆ هەڵدەگرن، دەوڵەتانی هەماهەنگ و هاوپەیمانی سوریاش پشتیوانن بۆ پارێزگاریكردن لە بست بە بستی خاكەكە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP