لە سلێمانی بڕێكی زۆر برنج له‌ناوده‌برێت

- 9/15/2019 12:11:00 PM 2218 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

به‌هۆی به‌سه‌رچونی ماوه‌كه‌ی و خراپ عه‌مباركردنیه‌وه‌، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی بڕێكی زۆر برنج له‌ناوده‌به‌ن و پسپۆڕێكی خۆراكیش هاوڵاتیان له‌ برنجی خراپبو ئاگادارده‌كاته‌وه‌‌.

له‌ ئه‌نجامی سه‌ردانی لیژنه‌‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی بۆ دوكان و بازاڕ و شوێنه‌گشتیه‌كان و پشكنینی ئه‌وكاڵاوشمه‌كانه‌ی له‌لایه‌ن بازرگان و دوكانداره‌كانه‌وه‌ به‌هاوڵاتیان ده‌فرۆشرێت، ده‌ركه‌وتوه‌ بڕێك برنج به‌هۆی خراپ عه‌مباركردنیه‌وه‌ ئه‌سپێی هه‌ڵهێناوه‌ و به‌شێكی تریان به‌هۆی به‌سه‌رچوونی ماوه‌كه‌یانه‌وه‌ له‌ چه‌ند ماركێت و دوكانێك ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه.

بڕی برنجه‌ ده‌ستبه‌سه‌ردا گیراوه‌كان له‌ 750 كیلۆگرام زیاتره‌ و له‌ جۆره‌كانی (السلگان، مه‌رجان، دۆلفین، فاخر و تایله‌ند)‌یه‌، به‌فه‌رمانی قایمقامی سلێمانی و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی له‌ناوبردنه‌وه‌ له‌ناوچه‌ی ده‌ره‌وه‌ی نیشته‌جێبونی هاوڵاتیان له‌ناوده‌برێت و خاوه‌نه‌كانیشیان روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كرێنه‌وه‌.

ده‌رباره‌ی ئه‌و خۆراكه‌ ماددانه‌ی كه‌ خراپ ده‌بن یاخود ماوه‌كه‌ی به‌سه‌رده‌چێت له‌شكر حه‌مید، پسپۆڕی بواری‌ زانستی خۆراك وتی، ئه‌و خۆراكانه‌ی به‌هۆی‌ خراپ عه‌مباركردن و به‌رزی پله‌ی گه‌رمی شوێنه‌كه‌وه‌ خراپ ده‌بن به‌ها خۆراكیه‌كه‌یان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن وشیاوی خواردن نامێنن و پێویسته‌ له‌ناو ببرێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، به‌رزبونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی له‌كۆگاكانی عه‌مباركردن یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كان بۆ خراپبوونی خوارده‌مه‌نیه‌كان پێش ئه‌وه‌ی ئه‌وماوه‌ی كه‌ بۆی دیاریكراوه‌‌ به‌سه‌ر بچێت، له‌خوارده‌مه‌نیه‌ وشكه‌كاندا ده‌بێته‌ هۆی دروستبونی مێرو كه‌ زیان به‌ته‌ندروستی ئه‌و كه‌سه‌ ده‌گه‌یه‌نێت ئه‌وجۆره‌ خوارده‌مه‌نیه‌ خراپبووه‌‌ ده‌خوات.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP