هەواڵی ئەمڕۆ

یەکەم فەرهەنگی زمانى پۆڵەندى-کوردى بڵاودەکرێتەوە

- 9/14/2019 9:15:00 PM 983 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رێباز نانەکەلی، دوای 10ساڵ کارکردن  یەکەم فەرهەنگى وشەى پۆڵەندى-کوردى بڵاودەکاتەوە.

رێباز نانەکەلى بۆ خەندان دەدوێت و دەڵێت،" فەرهەنگەکە 830 لاپەڕەیە و لەزیاتر لە 30 هەزار وشە پێکهاتوە".

وتیشى،"بۆ ئەوەی چەمک و وشەکان هەڵەیان تێدا نەبێت، سودم وەرگرتوە لە زیاتر لە 10 فەرهەنگی جۆراوجۆر، بە تایبەتی فەرهەنگی زمانەوانی پۆڵەندی-پۆڵەندى".

دەشڵێت"لەماوەی کارکردنم لەسەر ئەو فەرهەنگە بۆم دەرکەوتوە کە زمانی کوردی زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام زۆر پەڕاوێزخراوە".

نوسەرى فەرهەنگەکە ئاماژە بە بیرۆکەى نوسینى فەرهەنگەکە دەکات و دەڵێت،"بیرۆکەی نوسینی ئەو فەرهەنگە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دەستپێکردنی خوێندنی زمان، کاتێك هیچ فەرهەنگێکی هاوشێوە نەبو بۆ ئەوەی سودی لێ وەربگرم بۆ فێربونی زمانی پۆڵەندی، کە یەکێکە لە زمانە هەرە قورسەکانی جیهان".


ریباز نانەکەلى باس لە چیرۆکى نوسینەوەى فەرهەنگەکە دەکات و دەڵێت،" بۆ فێربونی زمان دەبوایە سود لە فەرهەنگی پۆڵەندی-ئینگلیزی یان پۆڵەندی-عەرەبی وەربگرم، کە ئەوەش هەم کاتێکی زۆر لێ دەبردم و هەم هەڵەی زۆری دروست دەکرد لە تێگەیشتنی وشەکان لە دەستی دوەوە، لەو کاتەوە دەستم کرد بە کۆکردنەوەی وشە لە دەفتەرێکی تایبەت، ڕۆژانە ئەوانەی فێری دەبوم، بەردەوام بو تاوەکو لە زانکۆ وەرگیرام،"

"دوای ئەوەى ژمارەى وشەکانم زۆربون، ئەوجارە هەمویم دەخستە سەر کۆمپیوتەر، لەماوەی نێوان ساڵانی 2008 تاوەکو 2013 بەردەوام ڕۆژانە هەشت کاتژمێر کارم لەسەر کردوە، ئەوە جگە لە سەرقاڵبونی بە خوێندنی زانکۆش" رێباز نانەکەلی وا دەڵێت.

ئەو پێی وایە باوکی لە پێناوی بەرزڕاگرتنی زمان و کولتوری کورد شەهیدبوە، بۆیە بە ئەرکی خۆی دەزانێت بەشێك بێت لە تەواوکردنی ڕێچکەی باوکی، رێبازیش دەیەوێت لە رێگەى فەرهەنگەکەیەوە جێدەستى خۆى لە ناو زمان و ئەدەبى کوردى جێبهێڵێت. 

رێباز دوا پەیامى خۆى گەیاند و وتى" تکام وایە زمانی کوردی بپارێزن، چونکە ئەوەی تا ئێستا کوردی وەکو خۆی هێشتۆتەوە تەنها دو شتن، یەکەم زمان، دوەم چیاکان".

رێباز جەلال نانەکەلى، لەدایکبوی شاری هەولێرە تەمەنی 18 مانگ بوە کە باوکی بەدەستی رژێمى بەعس شەهید کراوە، دایکی بە تەنها ئەرکی بەخێوکردنی گرتۆتە ئەستۆ، دوای تەواوکردنی قۆناغی دواناوەندی، لە زانکۆی سەلاحەدین بەشی کیمیا وەرگیراوە و ساڵێکی خوێندوە و دەرچوە بە پلەی یەکەم، بەڵام وازی هێناوە و بۆ خوێندن چوە بۆ وڵاتی پۆڵەندا، لەوێ دوای فێربونی زمان و بەدەست هێنانی دیپلۆمی زمان، دەستی بەخوێندنی ئابوری کردوە و بەکالۆریۆس و ماستەری لە زانکۆی وارشۆ تەواوکردوە، ئێستاش خەریکە دکتۆراکەی تەواو دەکات لە هەمان بەش و لە زانکۆی وارشۆ.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP