هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

ئەردۆغان هەڕەشەكانی بەرامبەر ئەوروپا دوپاتدەكاتەوە
"كڕینی سیستمی موشەكی پاتریۆت لەگەڵ ترەمپ تاوتوێدەكەم"

- 9/13/2019 11:08:00 PM 4617 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، ئەگەر هاریكاری نەكرێت بۆ بنیادنانی ناوچەی ئارام، دەرگاكانی وڵاتەكەی بەڕوی پەنابەراندا دەكاتەوە، تا بگەنە ئەوروپا، وتیشی سەبارەت بە كڕینی سیستمی موشەكی پاتریۆت لەگەل ترەمپ گفتوگۆدەكەم.

تا ئێستاش ئەنقەرە 40 ملیار دۆلاری بۆ ئاوارەكانی سوریا خەرج كردوە

لەمیانی چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەنوسیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەمڕۆ هەینی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند "هاریكاریەكانی وڵاتانی ئەوروپا سەبارەت بە مامەڵەكردنمان لەگەڵ ئاوارەكانی سوریا لەسەرخۆ و كەمە، تا ئێستاش ئەنقەرە 40 ملیار دۆلاری بۆ ئەو بابەتە خەرج كردوە".

لەوبارەیەوە سەرۆكی توركیا وتی "لەناو ئەو ملیۆنان ئاوارە سوریەی لە ساڵی 2011وە لە جەنگی ناو وڵاتەكەیان هەڵهاتون، نزیكەی سێ ملیۆن و نیو سوری لە توركیا نیشتەجێبوە  ئەوەش زیاترە لە مەزەندەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان"، بەپێی رێككەوتنێكی واژۆكراوی ساڵی 2016ی نێوان توركیا و یەكێتی ئەوروپاش، دەبێت یەكێتیەكە شەش ملیار دۆلار بداتە توركیا بەرامبەر رێگریكردن لە پەنابەران تا لە وڵاتەكەیەوە نەچنە ئەوروپا.

هەر لەمیانی چاوپێكەوتنەكەدا، ئەردۆغان رایگەیاند، لەم مانگەدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا  تاوتوێی كرینی موشەكی پاتریۆت دەكەین.

وتیشی "پەیوەندیە تایبەتیەكانی لەگەڵ ترەمپ، هاوكاردەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەی بەهۆی كرینی سیستمی موشەكی ئێس-400 ی روسی لە لایەن ئەنقەرەوە، كەوتوەتە نێوان توركیا و ئەمریكاوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP