بەپەلە

وەزیرى کشتوکاڵ داوا لە میسریەکان دەکات لە هەرێمى کوردستان پەمو بچێنن

- 9/13/2019 8:09:00 PM 2652 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ باڵیۆزی میسر لە عێراق كۆبوەوە و لەمیانی كۆبوەنەوەكەشدا چەندین پێشنیاز و هەماهەنگی نێوان میسڕ و كوردستان تاوتوێكرا.

ژمارەیەک پێشنیازی خستوەتە بەردەست كونسوڵی میسڕ

لە راگەیەندراوێکدا بێگەرد تاڵەبانى، وەزیرى کشتوکاڵى حکومەتى هەرێمى کوردستان بڵاویكردوەتەوە، "لەمیانی پێشوازیکردنی لە کونسوڵی میسر، ژمارەیەک پێشنیازی خستوەتە بەردەستیان کە بەدەنگییەوە بچن  تا ببێتە مایەی سود بۆ کوردستان و ئـەوانیش".

دەرگای ئەم وڵاتە ئاوەڵایە بۆ وەبەرهێنان

وەزیرى کشتوکاڵ راشیگەیاندوە "دەرگای ئەم وڵاتە ئاوەڵایە بۆ وەبەرهێنان، چ لە كێڵگەو باخەكان و لە سەرخاكی كوردستان، چ لە وەبەرهێنان لە بواری پیشەسازی خۆراكی كشتوكاڵی یان هەر پرۆژەیەكی دیكە كە بەشێك بێت لە وەبەرهێنان لە كەرتی كشتوكاڵی كوردستاندا و خزمەتی گەشەكردنی ئەو كەرتە و خەڵكی كوردستان و لایەنى وەبەرهێنیش بكات".

گەر میسڕییەكان بیانەوێت، كەشوهەوای كوردستان لەبارە بۆ چاندنی پەمو 

بێگەرد تاڵەبانى دەشڵێت "چەند پێشنیازێکمان خستوەتە بەردەم لایەنى میوان، ئەگەر میسرییەكان بیانەوێ لە كوردستان لە كەرتی كشتوكاڵ وەبەرهێنان بكەن لە چەند بوارێكدا ئەزمونەكەیان یارمەتیان دەدات كە سەركەوتوبن و قازانجی باش دەستبخەن وەك چاندنی پەمو(لۆكە) كە خاكی كوردستان و كەشوهەواكەی زۆر لەبارە و میسرییەكان ئەزمونێكی گەورە و دەوڵەمەندیان هەیە لەوكارەدا".

وەزیرى کشتوکاڵ دەشڵێت،"داواشمان كرد كونسوڵ و ستافی كونسڵخانەی میسر هاوكاربن لە راكێشانی كۆمپانیا كشتوكاڵییەكانی وڵاتەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان بۆ هێنان و فرۆشتنی ئامێر و تەكنەلۆژیای كشتوكاڵی بە جوتیارانی كوردستان". 

حکومەتى وڵاتەکەى خەرجى راهێنانى کادیرانى کشتوکاڵى کوردستان لە ئەستۆ دەگرێت

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەی بێگەرد تاڵەبانیدا هاتوە، "کونسوڵى میسر پێشنیازى کردوە وەزارەتى کشتوکاڵ بۆ پەرەپێدانى تواناى ستاف و کادیرەکانى سود لە پەیمانگا کشتوکاڵییەکانى میسر وەربگرێت و حکومەتى وڵاتەکەى خەرجى راهێنانى کادیرانى کشتوکاڵى کوردستان لە ئەستۆ دەگرێت".


نیشانەکردن :

#هه‌رێمی‌ كوردستان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP