جەلال جەوهەر: بە درێژایی تەمەنم خۆم بۆ هیچ پۆستێك كاندید نەكردوە
بەبڕیارێكی رێكخەری گشتی هیچ ئەندامێكی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان پۆستی حكومی پێنادرێت

- 9/12/2019 8:02:00 PM 4787 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -    

دوای ئەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، دەسەڵاتەكانی بەربژێركردنی ئەندامانی گۆڕانی بۆ پڕكردنەوەی پۆستە حكومییەكان رادەستی عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە كرد، بەبڕیارێكی رێكخەری گشتی هیچ ئەندامێكی خانەی راپەڕاندن بۆ وەرگرتنی پۆستەكانی گۆڕان لە سێ دامەزراوە باڵاكەی هەرێم كاندید ناكرێن.

لە ئێستادا پۆستی بریكاری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، كە بەركەوتەی گۆڕانە و تاكە بەبژێری ئەو حزبەش كە پێشتر بڵاوكرابوەوە( جەلال جەوهەر) ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكەیە و بەپێی زانیارییەكانی خەندان جارێكی دیكە خۆی كاندید كردوەتەوە بۆ خانەی راپەڕاندن و پۆستی سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان.
رێكخەری گشتی گۆڕان، لە سەرەتای رێكەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەو روانینەی هەبو كە نابێت هیچ ئەندامێكی خانەی راپەڕاندن بەربژێر بكرێت بۆ وەرگرتنی پۆستەكانی گۆڕان

 

هۆشیار عومەر عەلی، ڕێكخەری ژوری پەیوەندییە دبلۆماسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بە خەندان-ی راگەیاند،"رێكخەری گشتی گۆڕان، لە سەرەتای رێكەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەو روانینەی هەبو كە نابێت هیچ ئەندامێكی خانەی راپەڕاندن بەربژێر بكرێت بۆ وەرگرتنی پۆستەكانی گۆڕان".

بڕیاریدا هاوڕێیانمان لە خانەی راپەڕاندن لە ئەركەكانی خۆیان بەردەوام بن و نەچنە حكومەت

 

وتیشی،"دوای ئەوەی دەسەڵاتەكانی یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی لەلایەن جڤاتی نیشتیمانی رادەست كرا، بڕیاریدا هاوڕێیانمان لە خانەی راپەڕاندن لە ئەركەكانی خۆیان بەردەوام بن و نەچنە حكومەت".

بەربژێركردنی كەسێك بۆ بریكاری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، پەیوەندی بە رێكخەری گشتیەوە هەیە

 

لەبارەی دورخستنەوەی بەربژێركردنی جەلال جەوهەر بۆ بریكاری  سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی و دانانی كەسێكی دیكە لە شوێنی بۆ پڕكردنەوەی ئەو بەركەوتەی گۆڕان رایگەیاند،"رۆژی 14ی مانگ، جارێكی دیكە خانەی راپەڕاندن هەڵدەبژێردرێتەوە، ئەگەر لە خانەی راپەڕاندن بمێنێتەوە ئەو كاتە بڕیار لەسەر ئەو بابەتە دەدرێت".

بە درێژایی تەمەنم خۆم بۆ هیچ پۆستێك كاندید نەكردوە

 

لای خۆشیەوە جەلال جەوهەر، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بە خەندان-ی راگەیاند،"بەربژێركردنی كەسێك بۆ بریكاری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، پەیوەندی بە رێكخەری گشتیەوە هەیە و ئەگەر مەبەستیان بێت ئەو كەسە دەنێرن كە پێویستیان پێیەتی لەو پۆستە بێت، بەڵام من بە درێژایی تەمەنم خۆم بۆ هیچ پۆستێك كاندید نەكردوە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP