په‌رله‌مانی كوردستان و شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەسەر بودجە كۆبونه‌وه‌

- 9/12/2019 5:57:00 PM 1936 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆ و ئالوگۆڕكردنی زانیاری سه‌باره‌ت به‌پرسی بودجه‌ و به‌شداریى هه‌رێمی كوردستان له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی ئاماده‌كردنى ره‌شنوسی بودجه‌ی 2020 له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تیی دارایی حكومه‌تی فیدراڵ و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی چاره‌نوسساز بۆ هه‌رێمی كوردستان، كۆبونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چو.

سه‌ره‌تای كۆبونه‌وه‌كه‌ هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان مه‌به‌ستی كۆبونه‌وه‌كه‌ی خسته‌ڕو بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕكردنی زانیارییه‌ سه‌باره‌ت به‌پرسی بودجه‌و به‌شداریى هه‌رێمی كوردستان له‌ قۆناغی سه‌ره‌تای ئاماده‌كردنى ره‌شنووسی بودجه‌ی 2020 له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تیی دارایی حكومه‌تی فیدراڵ و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی چاره‌نوسساز بۆ هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها باسی له‌ هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد دانوستاندن و گفتوگۆكانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق سه‌باره‌ت به‌پرسه‌ چاره‌نوسساز و نیشتیمانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ یاسایى ده‌ستورییه‌كان بۆ خه‌ڵكی كوردستان وه‌ك بودجه‌ و نه‌وت و شایسته‌ داراییه‌كان و به‌شداریى هه‌رێمی كوردستان له‌ قۆناغی سه‌ره‌تای ئاماده‌كردنی ره‌شنوسی بودجه‌ی 2020 له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ و پرسی ماده‌ی 140ی ده‌ستور.

ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ناوی سه‌رۆكوه‌زیران و جێگری سه‌رۆكوه‌زیران دوپاتی له‌ هه‌بونی په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگییه‌كی باش له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی كوردستان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها بونی ده‌سته‌یه‌كی نیشتیمانی بۆ گشت پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌كان و نیشتیمانییه‌كان دروست ده‌كه‌ین و پاشان پوخته‌یه‌ك له‌ دیالۆگی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراقى بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانى نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدرالیى عێراق له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوری عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی شیكرده‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌وردى باسی له‌ ماده‌ی 140ى ده‌ستور تایبه‌ت به‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ی هه‌رێم و ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخی ئه‌و ناوچانه‌ و ئاماده‌كارى بۆ سه‌رژمێری گشتی له‌ عێراق و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق كرد.
سیاسه‌تی كابینه‌ی 9ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێككه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر گشت پرسه‌ نیشتیمانییه‌كان و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم

 

ئامانج ره‌حیم سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌وردی دۆخی دارایی و شایسته‌ داراییه‌كانى هه‌رێم و بودجه‌ و نه‌وت و قه‌رزه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستانى رونكرده‌وه‌ كه‌ به‌هۆی بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق و شه‌ڕی داعش و هاتنی رێژه‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ روبه‌ڕوی هه‌رێمی كوردستان بوه‌و رایگه‌یاند: "سیاسه‌تی كابینه‌ی 9ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێككه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر گشت پرسه‌ نیشتیمانییه‌كان و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم، له‌وانه‌ بابه‌تی ماده‌ی 140ی ده‌ستور و بوجه‌ و نه‌وت له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوری عێراقدا".

دواتر له‌لایه‌ن سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى په‌رله‌مان چه‌ندین پرسیار ئاراسته‌ی شاندی حكومه‌تی هه‌رێم كراو ئه‌وانیش وه‌ڵامی پێویستی پرسیاره‌كانیان دایه‌وه‌.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP