یەكەمین كۆبونەوەی كۆمسیۆنی باڵای ئامادەكاری چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی بەڕێوەچو

- 9/12/2019 3:42:00 PM 1605 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

كۆمسیۆنی باڵای ئامادەكاری چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، کە بڕیارەی 7ی مانگی کانونی یەکەمی ئەمساڵ  بەڕێوەبچێت، یەكەمین كۆبونەوەی ئەنجامدا.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بڕیاریداوە رۆژی 7-ی 12-ی 2019 کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی بەڕێوەبچێت

 

ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بڕیاریداوە رۆژی 7-ی 12-ی 2019 کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی بەڕێوەبچێت، لە یەکەمیش كۆبونەوەی كۆمسیۆنی باڵای ئامادەكاری کۆنگرەشدا گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەكانی داهاتو بۆ بەستنی چوارەمین كۆنگرەی حزبەکە کرا.
 
حاکم قادر حەمەجان لە نوسینێکدا بڵاویکردوەتەوە، "سەرپەرشتی لیژنەی كۆمیسیۆنی باڵای ئامادەكاری چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان-مان کرد لە شاری سلێمانی. لەو كۆبونەوەیەدا گفتوگۆی پێویست سەبارەت بە هەنگاوەكانی داهاتو بۆ بەستنی چوارەمین كۆنگرە كراو بڕیاری پێویست درا سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەنگاوە پراكتیكییەكانی بەستنی كۆنگرە".
ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای ئامادەكاری کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی پێکهاتون لە حەوت ئەندام

 

بەپێی زانیاریەکانی خەندان، ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای ئامادەكاری کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی پێکهاتون لە حاکم قادر قادر حەمەجان، دلێر سەید مەجید، رەفعەت عەبدوڵڵا، رزگار عەلی، یوسف گۆران و ئەرسەلان بایز.

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە 1-6-1975 دا لە دیمەشق دامەزراوە، تا ئێستا تەنها سێ كۆنگرەی بەستوە، بڕیارە لە 7ی كانونی یەكەمی 2019 کۆنگرەی چوارەم ئەنجامبدرێت.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكە نابێت ژمارەی ئەندامان لە 1000 كەس تێپەڕێت و سەرجەم وەزیر و پەرلەمانتارو بەڕێوەبەرە گشتییەكانی یەكێتی لە هەرێم و بەغدا، راستەوخۆ دەبنە ئەندامی كۆنگرە كە بەپێی زانیارییەكان ژمارەیان لە سەرو 600 كەس دەبێت.  


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP