سەرۆک بەرهەم و نێردەی وڵاتانی بریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا کۆبونەوە

- 9/12/2019 3:15:00 PM 1007 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و نێردەی وڵاتانی بریتانیا و ئەڵمانیا و فڕەنسا کۆبونەوەو سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە، عێراق بە پەرۆشەوە دەڕوانێتە پەیوەندی هاوسەنگی لەگەڵ وڵاتانی دۆست و دراوسێدا بە جۆرێک کە ببێتە ھۆکاری بەھێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە،  سەرۆک بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە باڵیۆزی بەریتانیا جۆن ویڵکس و کاربەرێکەری ھەریەک لە ئەڵمانیا یوخین مولەر و فەرەنسا جان نوێل بونیو.
سەرۆک بەرھەم، جەختی لە پێویستی رەچاوکردنی گفتوگۆ لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان کردەوە بۆ گەیشتن بە رێگا چارەیەک بۆ کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکانی ناوچەکە

 

لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم، جەختی لە پێویستی رەچاوکردنی گفتوگۆ لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان کردەوە بۆ گەیشتن بە رێگا چارەیەک بۆ کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکانی ناوچەکە، ھاوکات سەرۆک کۆمار ڕایگەیاند، "دید و بۆچونی عێراق بریتییە لە دورکەوتنەوە لە سیاسەتی جەمسەرگیری و پابەندبون بەپاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان و زاڵ بون بەسەر ناکۆکییەکاندا".

سەرۆک بەرھەم خواستی عێراقی دەربڕی بۆ ھاریکاری و ھەماھەنگی زیاتر بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان بکات

 

سەرۆک بەرھەم، ئاماژەی بەگرنگی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا کرد، ھەروەھا خواستی عێراقیشی دەربڕی بۆ ھاریکاری و ھەماھەنگی زیاتر بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان بکات، ھاوکات ھەوڵەکانی یەکێتی ئەوروپای لە پشتیوانیکردنی  گەلی عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا بەرزنرخاند.

لەلای خۆیانەوە دیبلۆماتکارانی ھەر سێ وڵاتی ئەوروپی، خۆشحاڵی خۆیان بە بەرەوپێشچونی پەیوەندییەکان و زیادکرنی ھاریکاری لەگەڵ عێراق دەربڕی، ھاوکات سیاسەتی ھاوسەنگی دەرەوە و ئەو ڕۆڵەی عێراق دەیگرێت لە ناوچەکەدا بەرزنرخاند.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP