ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌ی شاندی حكومه‌تی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان

- 9/12/2019 2:28:00 PM 2475 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - شه‌وكه‌ت قادر 

شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و په‌رله‌مانی كوردستان پرسی بودجه‌ و خاك و دۆسیەی ئه‌منیان تاوتوێ كرد، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوش لە پەرلەمانی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، نییه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێککه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا.

شێركۆ جه‌وده‌ت، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتو له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌ی شاندی حكومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستانی خسته‌ڕو و رایگه‌یاند، "له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا له‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ر قسه‌مان كرد، كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه‌، ئه‌وانیش پرسی بودجه‌ و خاك و دۆسیەی ئه‌منی، گفتوگۆیه‌كی چڕ كرا، كه‌ رێگریه‌كان چین و نیه‌تی هه‌رێمی كوردستان چیه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا".

ئاماژەی بەوەشکرد، "بێگومان نیه‌ته‌كه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ رێكه‌وتنه‌ لەگەڵ بەغدا، به‌ڵام ئه‌و رێكکه‌وتنه‌ هه‌ندێک كۆسپی له‌به‌رده‌مه‌ پێویسته‌ چاره‌سه‌ر بكرێن".

سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتو له‌ په‌رله‌مانی كوردستان وتیشی، "موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان تا كۆتایی ئه‌مساڵ هیچ مه‌ترسیه‌كی له‌سه‌ر نیه‌، ئه‌وه‌ی هەیه‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چه‌ند حیساباتێكه‌ له‌ نێوان ده‌ستكه‌وته‌كانی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی عێراق، له‌هه‌مان كاتیش داواكاریه‌كانی به‌وغدا له‌ به‌رامبه‌ر كوردستان پێویستیان به‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ هه‌یه‌".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "پێشنیاری ئێمه‌ ئه‌وه‌بو كه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكه‌وتن بكرێت، به‌ڵام مافه‌ ده‌ستوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پارێزراو بێت، هه‌ر كێشه‌یه‌كیش هه‌بێت له‌ رێگای دادگا و رێكاره‌ یاسایه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت نه‌وه‌ك ببێته‌ رێگر بۆ رێكکه‌وتن".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP