هەواڵی ئەمڕۆ

شاندی په‌رله‌مانی کوردستان و حكومه‌تی هەرێمی کوردستان له‌ كۆبونه‌وه‌دان

- 9/12/2019 12:41:00 PM 989 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - شه‌وكه‌ت قادر 

شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ سێ لیژنه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ كۆبونه‌وه‌دان.

ئه‌مڕۆ شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئامانج ره‌حیم، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانیان كرد و له‌گه‌ڵ هه‌رسێ لیژنه‌ی دارایی، سامانه‌ سروشتیه‌كان و ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌ كۆبونه‌وه‌ن.

دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە، بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە، بڕیاردرا هەفتەی داهاتو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی گفتوگۆ و ئالوگۆڕکردنی زانیاری سەبارەت بە پرسی بودجە و بەشداری هەرێمی کوردستان لە قۆناخی سەرەتای ئامادەکردنی رەشنوسی بودجەی 2020 لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ.

دوای کۆبونەوەی دوێنێ ئەنجومەنی وەزیران، جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند، هەفتەی داهاتو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەكات، بە مەبەستی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری سەبارەت بەپرسی بودجە و بەشداری هەرێمی کوردستان لە قۆناخی سەرەتای ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی 2020 لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد،‌ هەرێمی کوردستان به‌ گوێره‌ی ده‌ستور نیازی رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ له‌سه‌ر سه‌رجه‌م كێشه‌كان هه‌یه‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP