ترەمپ جگەرەی ئەلکترۆنی قەدەغە دەکات

- 9/12/2019 12:04:00 PM 1553 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پرۆژە بڕیارێکی سەبارەت بە قەدەغەکردنی جگەرەی ئەلکترۆنی لە سەرانسەری ئەمریکادا پیشنیاز کردوە، ئەوەش بەهۆی زۆربونی نیگەرانیەکان لەسەر ئەو بەرهەمە.

ئەو پێشنیازە چاوەڕواننەکراوەی کۆشکی سپی، ئابوری چەندین ملیار دۆلاریی ئەو پیشەسازیە لە ئەمریکا و جیهاندا هەڵدەتەکێنێت، کە ماوەی دو ساڵە لە وڵاتاندا وەبەرهێنانی پێوەدەکرێت.

ئەلێکس ئازار، سکرتێری خزمەتگوزاریە مرۆی و تەندروستیەکانی کۆشکی سپی لەو بارەیەوە وتی" رێنمایی پێوست لەبارەی لابردنی بەرهەمەکانی ڤەیپ و جگەرەی ئەلکترۆنی دەدەین بە بازار و ناوەندەکانی کرین و فرۆش لە ئەمریکا".

لێدوان و بڕیارەکانی ترەمپ سەبارەت بە جگەرەی ئەلکترۆنی دوای ئەوە دێت، لە ماوەی چەند مانگی رابردودا چەندین حاڵەتی نەخۆشیەکانی سی و تەنگە نەفەسی لە ناو بەکارهێنەرانی ئەو بەرهەمەدا لە زیاترە لە 33 ویلایەتی ئەمریکادا بڵاوبوەتەوە.

پزیشکەکان ئاماژەیان بەوەداوە، بەتەواوی نازانرێت پەیوەندی نێوان ئەو نەخۆشیەنە چیە بە جگەرەی ئەلکترۆنی، بەڵام لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانیان لەو باریەوە چرتر دەکەنەوە، بەوپێیەی ژمارەیەکی زۆری حاڵەتەکان لەو کەسانەدا بوە کە بەکارهێنەرێکی بەردەوامی ئەو بەرهەمەن.

یەکەم حالەتی مردنی ئەو توشبوانە، مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بو، دوانی دیکە لە توشبوان لە کۆتای هەفتەی رابردودا گیانیان لەدەستداوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP